مار و په‌یژه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات
کامه‌ران ئیسحاق په‌ری
زۆربه‌مان به‌منداڵی ئاشنابوین به‌یاری مار وپه‌یژه ، ئه‌و یاریه‌ی که‌تێدا زار و که‌م به‌رکه‌وتن به‌ماره‌کان ، زوتر و زۆرتر سه‌رکه‌وتن به په‌یژه‌کان دۆڕاو وبراوه‌ی یاریه‌که ده‌ستنیشان ده‌کات . که‌گه‌وره‌بوین بڕیار بوو ئیدی مارو په‌یژه ته‌نها وه‌ک یادگارییه‌ک له‌بیره‌وه‌ریه‌کانماندا جێی بێته‌وه ، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کوردستان به‌ده‌ر له‌ویست وئاره‌زو و خولیاکانی گه‌وره‌بونمان یاریه‌که‌ی له‌یاده‌وه‌رییه‌کی به‌جێماوه‌وه گواسته‌وه ناو ژیان و واقیعی ده‌وڵه‌تداریمان . به‌جۆرێکیش یاساکانی ئه‌م گه‌مه‌یه‌ی داڕشتوه که له‌گه‌ڵ نۆره‌ی زار هه‌ڵدانیدا زارمان لێده‌گرێت . بۆ بڕینی خانه‌ی یه‌ک تا سه‌د و به‌په‌یژه سه‌رکه‌وتنه‌کانیشدا بڕیاری داوه هیچ سه‌ره‌مارێک نه‌ێته ڕێگه‌ی. له‌به‌رامبه‌ردا ئێمه‌ش به‌هه‌موو نه‌هامه‌تی و ده‌رده‌سه‌ریه‌کانمان ئاره‌زومه‌ندانه بوبێت یان سه‌پێنراو به یاسا‌و ڕێسای دیموکراسیه‌تی مارو په‌یژه‌ی ده‌سه‌ڵات قایل بوین … زار هه‌ڵده‌ده‌ین و ده‌مانوێت به‌ئومێدی هاتنه ڕێی په‌یژه کورت و درێژه‌کان په‌یتا په‌یتا خانه له‌دوای خانه به‌که‌مترین به‌رکه‌وتن ، ماره‌کان تێپه‌ڕێنین و بگه‌ینه خانه‌ی سه‌د ، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات له‌به‌رئه‌وه‌ی قانونی یاریه‌که‌ی به پێی هه‌لومه‌رجو له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی دا دایڕشتوه ، پێشوه‌ختیش یاریچی یه‌کی زار گره و شوێنی مارو پیژه‌کان له‌گه‌ڵ ویست و ئاره‌زوی خۆی به‌پێی ئه‌وه‌ی که بردنه‌وه‌ی یاریه‌که‌ی بۆ مسۆگه‌ری ده‌کات جیگۆڕکێ پێده‌کات … خانه‌کان په‌یتا په‌یتا ده‌بڕێت وئیمه‌ش له‌دۆخی به‌جێمان وگیرۆده‌بون به گازاندنی ماره‌کان هێشتۆته‌وه . ئێمه له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌زۆربه‌ی زار هه‌ڵدانه‌کانماندا به‌ڕێکه‌وت بێت یان به‌هۆی به‌دبه‌ختی و که‌مزانیمان بوبێت زۆرکات کوه‌توینه‌ته به‌رده‌م ئه‌ژدیهاو ماره له‌سه‌رڕێ هه‌ڵخراوه‌کانی ده‌سه‌ڵات ، ئه‌گه‌ر جارێکیش به‌خت یاوه‌ر بوبێت ودانه‌یه‌کمان تێپه‌ڕاندبێت ئه‌وا چه‌ند دانه‌یه‌ک و قه‌ڵه‌وتر و درێژتر و هه‌ندێک جار ماری دوسه‌ره‌شی له‌سه‌رڕێ بۆ هه‌ڵخستوین و پیوه‌مانده‌دات و ده‌مانهێنێته‌وه خاڵی سفر .
ـ له‌یاری مارو په‌یژه‌دا ماره‌کان له سه‌ره‌تادا بچوکن که‌پێوه‌مان ئه‌ده‌ن چه‌ند خانه‌یه‌ک ده‌مانهێننه دواوه هه‌تا خانه‌ی زۆرتر ببڕیت ماره‌کان درێژتر ومل ئه‌ستورتر ده‌بنه‌وه و که‌وتنه‌کانیش جه‌رگ بڕتر ده‌بێت . میلله‌ت له‌سه‌ره‌تادا له‌به‌رده‌م هه‌ڵرشتنی ماره بچوکه‌کانی ده‌سه‌ڵات زوو ده‌هاته‌وه هۆش خۆی و چاپوکانه به‌ره‌و پلێکانه‌کان هه‌ڵده‌کشا … به‌زۆر خاوه‌نداریه‌تی کردنی ده‌سه‌ڵات بۆ ڕاپه‌ڕین له‌گه‌ڵیدا به‌تاڵانبردنی موڵکی گشتی ده‌ستپێکی یاری ده‌سه‌ڵات و میلله‌ته ، به‌دوای خۆیدا شه‌ڕه په‌ڕۆ و جیاکردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌کان به‌هۆی ئیتیماکانیان بۆ ڕه‌نگ و ده‌نگ ، دواتر به ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامێکی نادروست وناڕاست بۆ یه‌که‌م هه‌ڵبژاردنی دیموکراتی هیچی تر نه‌بوو جگه له درێژ بوونی ئه‌ژدیهاکان بۆ گیانی میلله‌ت کارابونی سه‌نگه‌ر لێگرتنی ماره‌کان له‌پرۆسه‌ی به‌په‌یژه‌سه‌رکه‌وتنی میلله‌ت .
ـ له‌وساته‌ی که ئه‌م ده‌سه‌ڵاته فه‌رمانڕه‌وای کوردستان ده‌کات ، هه‌میشه بارودۆخی سیاسی کوردستان له‌خانه‌ی هه‌ڕه‌شه و ته‌نگه‌ژه‌ی داگیرکردن و له‌ده‌ستدانی خاکی کوردستان خۆی بینیوه‌ته‌وه ، ترسێکی گه‌وره خوڵقێنراوه به‌وه‌ی که‌ئه‌مرۆ به‌چنگ که‌وتوه سبه‌ی به‌هۆی دوژمنانی گه‌ل و نیشتیمان ئه‌گه‌ری له‌دستدانی له‌ئارادابێت .زۆرکات هه‌وڵه‌کانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ئه‌وه‌ی تێدا به‌دی نه‌کراوه که ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له‌خه‌می ئه‌وه‌دا بوبێت متمانه‌و دڵته‌ئمینی و هه‌واڵی دڵخۆشکه‌ر بدات به‌میلله‌ت ، هه‌میشه کاری به‌میتۆدی دروستکردنی فۆبیا‌و بێمتمانه‌یی و ترساندنی هزری میلله‌ت کردوه زۆرکاتیش میلله‌تی ملکه‌چی قبوڵکردنی ئاشتی یه مه‌رجداره‌که‌ی ده‌سه‌ڵات کردوه . ئه‌م بارودۆخه مه‌به‌ست له باروزروفی ملکه‌چکردنی میلله‌ت به‌قبوڵکردنی ئاشتی له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی دروستکردنی ناجێگیری و نائارامی کوردستان بۆته ڕێگڕیه‌کی گه‌وره بۆ سه‌رکه‌وتن به‌په‌یژه‌یه‌ک وبڕینی خانه‌یه‌ک . ئالێره‌دا له‌گه‌مه‌که‌دا ئه‌وه به‌دی ده‌که‌ین که هه‌رکاتێک میلله‌ت خانه‌یه‌کی تێپه‌ڕاندبێت و په‌یژه‌یه‌کی کورتی بۆ هه‌ڵکه‌وتبێت و که‌م تازۆر ڕێگای بۆکورتکردبێت ، ده‌سه‌ڵات له‌بارچونی ئه‌زمونی فه‌رمانڕه‌وای سه‌رکه‌وتوی خۆی کردۆته به‌ربه‌ست له‌بڕینی خانه‌یه‌کی تر .
ـ وه‌ک گوتم هه‌تا به‌ره‌و سه‌ره‌وه بڕۆین ماره‌کان درێژتر ده‌بێت و زیاتر ده‌مانهێنێته‌وه دواوه. کوردی باشور له‌وپه‌ڕی هه‌ڵکشان بۆ گه‌یشتن به‌ئاواته‌کانی بو کاتێک که ده‌سه‌ڵات ( یه‌کێتی و پارتی) بڕیاری له‌یه‌ک کوشتنیان دا ، که‌له‌وێدا به‌ڕای من ئه‌وشه‌ڕه هێنده‌ی پرۆژه‌ی ملکه‌چکردنی میله‌ت بوو به‌قبوڵكردنی ئاشتی له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌گه‌ری له‌باربردنی هه‌موو ئه‌زمونه‌که‌ی ڕاپه‌ڕین هێنده شه‌ڕی دوو برای به‌گژ یه‌کدا چوو نه‌بوو … ئه‌وان میلله‌تیان ناچار کرد له‌پێناو هه‌بونی ئاشتی نێوان یه‌کێتی و پارتی له‌پێناو به‌فیڕۆ نه‌دانی زیاتری خوێنی ڕۆڵه‌ی ئه‌م نیشتیمانه ،له‌نێوان هه‌ڵبژاردنی ژیان ومه‌رگ دا ئاشتی یه مه‌رجداره‌که‌ی ده‌سه‌ڵات پێ قبوڵ بێت . ده‌سه‌ڵات له‌شه‌ڕی ناوخۆدا میلله‌تی گه‌یانده ئاستێک که ئاماده‌بێت هه‌موو شتێک قبوڵ بکات له‌پێناو ژیان . ڕێگه‌ی پێشه‌وچونی لێگیرابوو . ئه‌م ده‌سه‌ڵاته پێشکات و له‌گه‌ڵ یه‌که‌م ساته‌وه‌ختی خۆکردن به‌خاوه‌نی ئه‌زمون و ڕاپه‌ڕینه‌کان ئاماژه‌یه‌که بۆ ئه‌وه‌ی که بڕیاری داگیرکردنی میلله‌تی به‌زه‌بری جه‌نگ و به‌شه‌ڕ داوه … بۆیه‌کا به‌رای من کرۆکی شه‌ڕی نێوان یه‌کێتی وپارتی له‌خۆیدا شه‌ڕی نێوان میلله‌ت و ده‌سه‌ڵات بوو که‌دواجار میلله‌ت به‌زه‌بری لێ‌کوشتن ،به‌زه‌بری رێگرتن له خانه بڕین له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی ئاشوبه‌و ماڵداگیرکردن ، ئاگربه‌سته مه‌رجداره‌که‌ی (ینک.پ‌د‌ک) و ڕاگه‌یاندنی ڕێکه‌وتننامه‌ی ستراتیژی ڕازی بوو .
ـ به‌دوای ئه‌وه‌دا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له باشوری کوردستان ، به‌درێژای ماوه‌ی فه‌رمانڕه‌وایدا له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوه که هزری تاکی کورد له‌دۆخی دڵه‌ڕاوکێ وناجێگیریدا گۆشبکات ، به‌ئاستێک ، هه‌رکاتێک هاوڵاتی بیری له به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی سته‌م وزه‌بر به‌ده‌ستی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته بوبێت یاخود له‌هه‌وڵی گۆڕینیدا تێهه‌ڵچوبێت، تێکچونی خۆشگوزه‌رانی کوردستان، وه‌ستانی پرۆژه‌خزمه‌تگوزارییه‌کان ، بڕینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، په‌یامی ئاشوب و ئه‌گه‌ری سه‌رله‌نوێ به‌شه‌ڕهاتنیان کردۆته هه‌وێن وکارنامه‌ی ترساندن و تاڕاده‌یه‌کیش کاریگه‌ری واقیعی تۆقاندنی میلله‌ت له‌ژیانی رۆژانه‌یدا له‌هه‌وڵی زار هه‌ڵدان وبڕینی خانه‌یه‌کی تردا ڕه‌نیگداوه‌ته‌وه …
له‌کاتێکدا ڕاست ئه‌وه‌یه خۆشگوزه‌رانی وئارامی وڵات به‌شێک بێت له ستراتیژ و به‌رنامه‌ی کاری ده‌وڵه‌تداری له‌کوردستان بۆته چه‌کوشی ئاماده بۆ منه‌تبارکردنی کوردستان. وه‌نه‌بێت ئارامی کوردستان گفتی خۆشگوزه‌رانی ئاسوده‌یی ئابوری ، کۆمه‌ڵایه‌تی ، دابینکردنی جێگیری ڕه‌وشی سیاسی بۆ هاوڵاتیان به‌شێک نه‌بوبێت له به‌رنامه‌ی کاری ده‌سه‌ڵات ، به‌ڵام ئارامی و به‌ڵێنی دابینکردنی ژیانێکی ئاسوده‌تر ،خۆشگوزه‌رانیش به‌گشتی مه‌رجدار بوه … ده‌سه‌ڵات له‌بۆنه‌گه‌لێکی زۆردا له‌کۆی کرداره‌کانیدا پێی راگه‌یاندوین که تا ئه‌و شوێنه کوردستان ئارامه ، بارودۆخ جێگیره که به‌ریه‌که‌وتن ڕوونه‌دات له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی و مانه‌وه‌ی له‌ده‌سه‌ڵاتدا هه‌رکاتێک ئاره‌زوی میلله‌ت ئه‌وخاڵه‌ی تێپه‌ڕاندبێت هه‌ڕه‌شه‌و ئه‌گه‌ری له‌یه‌ک کوشتن وهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئاگربه‌ستی نیوان یه‌کێتی و پارتی له‌ئارادا بوه .
ـ به‌دوای ئه‌وه‌دا هاوکات له‌سود وه‌رگرتن له‌ئه‌زمونی سه‌رکه‌وتوی یاریه‌که. ده‌سه‌ڵات هه‌رجاره‌وه له‌شوێنێکدا ماری له‌سه‌ره‌ڕێی گه‌یشتن به‌مافه‌کاندا بۆ هه‌ڵده‌رشتین و له‌زۆربه‌شیاندا پێوه‌ی ئه‌داین ، هه‌ر له‌ده‌ستاوده‌ستنه‌کردنی ده‌سه‌ڵات ، هه‌ر له هه‌ڕه‌شه و خوڵقاندنی ئه‌گه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌ری زوحاک بۆ سه‌رده‌سه‌ڵات تا دواجار به مه‌ترسی به‌هێزبونی ئیسلامی سیاسی و هه‌ڕه‌شه‌ی له‌باربردنی ئه‌زمونی سیاسی و چه‌ند جارێک به دروستبونی کیشه‌و یه‌کلای نه‌کردنی چاره‌نوسی کێشه‌ی ناوچه دابراوه‌کان ، جارگه‌لێکیش به هێز جوڵاندن و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاڵا ڕه‌نگداره‌کان به‌سه‌ر ته‌پۆلکه‌و بنار شاخه‌کان ، له‌کوشتنی ده‌نگه ئازادی خوازه‌کان ، له‌گرتنه به‌ری زۆربه‌ی ڕێگه چه‌وته‌کان بۆ مانه‌وه له‌ده‌سه‌ڵات ماره‌کان ده‌بونه ڕێگری یه‌که‌م له هه‌ڵکشان به‌په‌یژه‌کان .
ـ ئه‌وه‌ی که‌تێبینی ده‌کرێت ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ئاماده‌یه له‌پێناو مانه‌وه‌ی خۆیدا زار بگرێت ، سه‌ره‌ڕێ پڕبکات له بن به‌ست و بردنه‌وه‌ی خۆیمان پێ‌نیشان بدات ، هه‌تا ئه‌مڕۆش جگه له‌وگه‌مه‌یه پێ ناچێت له‌هه‌وڵی گۆڕینی گه‌مه‌که بێت به دانه‌یه‌کی تر یان لانی که‌م یاساکن بۆ هه‌ردوولا وه‌ک یه‌ک بێ ، ئه‌و له‌وه بێ ئاگایه که میلله‌ت چیدی ئاماده نی یه داهاتوی خۆی به‌یارییه‌کی ده‌سه‌ڵات ببه‌ستێته‌وه که هه‌میشه ده‌سه‌ڵات براوه‌و میلله‌ت دۆڕاو … میله‌ت ئه‌م جاره بڕیاری داوه له‌ئێستا به‌دواوه له‌یاری ئه‌م جاره زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌که‌م ئه‌م ده‌سه‌ڵاته خۆی بێت چونکه میلله‌ت هێنده‌ی ماره‌کانی ده‌سه‌ڵات پێوه‌یداوه هێنده‌ی په‌یژه‌ی بڕی وله‌نیوه‌ی رێگا‌و له‌لاڕیکاندا ماران گاز بووه ، نائومیدبووه به به‌ڵین و به‌رنامه‌و درۆکانی ده‌سه‌ڵات ، هێنده‌ی هه‌گبه‌ی خاڵی کراوه‌ته‌وه … له‌دۆخێکدا ده‌ژی که‌هیچی نی یه له‌ده‌ستی بدات !؟ ئه‌وه‌ی که‌پێویسته ئه‌مرۆ بترسێت ده‌سه‌ڵات خۆیه‌تی ، ئه‌وه‌ی که‌پێویسته له به‌رکه‌وتنی مارپێوه‌دانه‌که بێت ده‌سه‌ڵات خۆیه‌تی …. ده‌سه‌ڵاته که ده‌بێت له خه‌می گه‌راندنه‌وه‌ی سامانی دزراوی میلله‌ت بترسێت ، ده‌سه‌ڵاته که ده‌بێت له‌خه‌می ئارامی کوردستان دابێت ، ده‌سه‌ڵاته که‌ناچاره ئاو ، کاره‌با ، هه‌لی کار ، دادپه‌روه‌ری سیاسی ، کۆمه‌ڵایه‌تی ، ئابوری فه‌راهه‌م بکات دواجاریش ئه‌گه‌ر هه‌ر گه‌مه‌ده‌کات ده‌بێت ئه‌م جاره به‌مه‌رجه‌کانی میلله‌ت یاری بکات ، چونکه ئه‌وه میلله‌ت نییه که ژێرخانی ئابوری و سامانی نه‌وتی له‌چنگدایه . ئه‌وه‌میلله‌ت نییه که ئازادییه‌کان زه‌وتده‌کات. ئه‌ومیله‌ت نییه ده‌ستی له‌گه‌ڵ زلهێزه ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌کاندایه‌و هه‌میشه بێ پرسی میلله‌ت له‌دانوستاندن وگفتوگۆدایه . ئه‌وه میلله‌ت نییه که گه‌نده‌ڵ ونا شه‌فافه . ئه‌و نییه که دڵه‌ڕاوکێ وناجێگیری له‌کوردستاندا خوڵقاندوه ، ئه‌وه هاوڵاتی نییه که خاوه‌نی ده‌زگای سه‌رکوتکه‌رو زیندانی نهێنی یه . ئه‌وه ده‌سه‌ڵاته خاوه‌نی هه‌موو هه‌ژموون وبارگرژی یه‌کانه . که‌ئه‌م جاره‌ش میلله‌ت ڕاپێچی یاری مار وپه‌یژه‌که ده‌کات ده‌بێت ئاماده‌ی گازاندانی ئاشتیانه‌ی ئه‌و مارانه بێت که میلله‌ت له‌سه‌رڕێگاکانی دا تێپه‌ڕاندوه ده‌سه‌ڵات ده‌بێت له‌هه‌وڵی له‌خۆلادانیان بێت .
ئه‌گه‌ر هۆکارێک هه‌بێت که‌پێویست بکات ئه‌م جاره به‌قانونی مییلله‌ت یاری بکرێت ، هه‌بونی هه‌مان ئه‌و ئامارازانه‌یه که ده‌سه‌ڵات له‌ماوه‌ی پتر له بیست ساڵی ته‌مه‌ندیدا دژ به‌میلله‌ت ڕێ له‌ژیان و خۆشگوزه‌رانی وئاسوده‌یی پێگرتوه . ئه‌گه‌ر پێشتر په‌یامی ئاشوب و کاولکاری ، ته‌خشان و په‌خشانی سامانی نه‌ته‌وه‌ی گورزی کوشنده‌ی له ئیراده و هه‌ڵکشانی به‌ره‌و پێشچونی گه‌ل دابێت ، ئه‌وا ئه‌مڕۆ به‌هێزی ده‌کات و ده‌بێته چه‌کی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات. بۆ ده‌رچون له قه‌یرانی تۆمه‌تبارکردنی زارگرتنی ده‌سه‌ڵات مه‌رج وپێوه‌ره‌کانی ئه‌ویارییه‌ی که‌هه‌ردوولا ده‌تونێت به‌پێوه‌ر ومه‌رجه‌کانی چه‌مکی پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتی و یه‌کترقبوڵکردن قایل بن
له‌ماڵپه‌ڕی سبه‌ی له‌به‌رواری 2013.05.31 بڵاو بۆته‌وه .