کێ لەگۆڕان دەیەوێت بچێتە دەسەڵات !؟

کێ لەگۆڕان دەیەوێت بچێتە دەسەڵات !؟

کامەران ئیسحاق پەری

ئەوەی ئەمرۆ دەگوزەرێت لەکوردستان ، لەئاست پرسی سوتاندنی پەیکەری خۆشەویستی و پرسی پێکهێنانی حوکمەت کەهەردوکیان دیاردەگەلێکن  هەڵگری کۆمەڵێک ئاماژەی بارگاوی ین ، ڕەنگ بێت لەسوتاندنی پەیکەری خۆشەویستی سانا مرۆڤ درکی پێکات و لەپرسێکی وەک پێکهێنانی حوکمەت وبەشداریکردنی دەسەڵات ، پێویستی بەتێڕامانی زیاتر هەبێ. سەرئەنجام کۆمەڵێک پرسی گەورە هەیە کە ناکرێت هیچ هێزو قەوارەیەکی سیاسی فەرامۆشی بکات یان سازشی لەسەر بکات ، ئێمە لەکاتێکدا سەرقاڵی پرۆتێستی تێکشکاندنی پیرۆزیی خۆشەویستین … بەدەم ڕوانین لە وێنەی شۆرشی ماچەکان، خەریکە پرسی تێکشکاندنی ڕۆڵی ئۆپزسیۆن بون و بەشداریکردنی گۆڕان لەحوکمەتدا پشتگوێ دەخەین لەکاتێکدا ئەمیان کە بەشداری کردنی گۆڕانە لەحوکمەتدا بابەتێکە لەئایندەدا ڕۆڵێکی گەورەدەگێڕێت لە هەڵکشانی یان داشکانی کیرڤی جەماوەریەکەی . ئەویشیان کەخۆشەویستی یە گۆڕان بەئۆپۆزسیۆن بون یاخود بەدەسەڵاتبون دەبێت ساغی بکاتەوە لەگەڵیەتی یان لەدژی !؟

گۆڕان بەرەو دسەڵات !؟

دروشم و کارنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کە لە٢١ ی  سێبتەمبەری ٢٠١٣ بەگشتی خۆی  لە بەرەو دەسەڵاتێکی نوێ ، گۆران بەرو دەسەڵات ، ئیتر بەسە کاتی گۆڕینیەتی … دەبینیەوە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەشێکی ئەو ویست و ئارەزووەی کە گۆڕان هیوای لەسەربونیدا نابوو بۆ نەهاتەدی ، هەرچەندە لە کۆی پرۆسەکە هەنگاوێک بۆ نەهێشتنی مۆدێلی حیزبی پێشڕەوە و حیزبی یەکەم  نرا ، گۆڕانیش توانی لانی کەم پارێزگاری لەو دەنگانە بکات کە لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوو لە ٢٥ ی .٠٧ ی ٢٠٠٩ بەدەستی هێنابو ، هاوکات چەند هەزار دەنگێکیش بۆ خۆی زیادبکات ، بەڵام هێشتا بەو ئەنجامەی کەڕاگەێنراوە بەشداریکردن ونەکردنی لەدەسەڵاتدا پەیوەستە بە کۆمەڵێک فاکتەرو بێنەوبەرە و گوشاری سیاسی کە بڕیاری  چونە ناو دەسەڵات بۆ گۆڕان سەخت ودژوارتر دەکات .

لەئەمڕۆدا لەناوگۆڕاندا دوو بۆچون بۆ بەشداری کردن و نەکردن لەدەسەڵاتدا گوزەردەکات بۆچونێکیان کە بە بەرەی ” پیرەکان” و بیرکۆنەکان ناسراوە لەگەڵ ئەودان کە گۆڕان بەهەر نرخێک بێت بچێتە دەسەڵاتەوە و هەرچی پێکرابێت بۆ بەجێگەیاندنی لانی کەمی ئەوبەڵێنانەی کەداویەتی بەخەڵک بیهینێتەدی .

بۆچونی دوهەم کە بەبەبەرەی ” گەنجەکان”  بیری نوێ ناسراوە لەگەڵ ئەودایە کە گۆڕان بەم ئەنجامەی کەبەچنگی کەوتوە بەهیچ شێوەیەک لەژێر هیچ فشارێک نەچێتە دەسەڵاتەوە، لەوەش زیاتر ئەم بەرەیە پێی وایە چونی گۆڕان بۆدەسەڵات بەم قورساییە سازشکردنە لەبەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان ، کەخۆی لەگۆڕینی ریشەیدا دەبینێتەوە .

ـ بەرەی یەکەم کە “پاسەوانە کۆنەکان ” نوێنەرایەتی دەکەن و زۆرێکیش لە ڕەوتە پۆپلیستییەکە بەگەنج و پیری یەوە پشتگیری دەکەن جەخت لەسەر بەهاو گرنگی بەشداریکردنی گۆڕان دەکەن لە دەسەڵاتدا گرنگترینیان دەکرێت لەوەدا خۆی ببینێتەوە کە مادام گۆران هێزی دوەمی هەڵبژاردنەکانە  ناکرێت ئەو هێزە لە پشکدارکدنی لەدەسەڵاتدا بێ بەش بکرێت . جائەوپشکداریە لەژێر هەرناو فۆڕمێکدا بیت جێگەی قبوڵ بێت . ئەمە جگە لەوەی کە بەپێی پیرەکان ئەگەر گۆڕان بەشداری لەحوکمەتدا نەکات مایەی ئەوەیە کە نەیتوانیوە لەئاست ئەو دروشم وبەڵێنە بێت کە بەدرێژای ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن هەڵگری بوە . لەکاتێکدا راست ئەوەیە کە گۆڕان بەو ژمارەیە لەکورسی نەیتوانی لەڕوی یاسای یەوە بڕیاردەربێت کە بەتەنها یان لەگەڵ کێدا حوکمەت پێکبهێنێت. جا ئەم کەم تواناییە  بەهۆی چنگ نەکەوتنی دەنگەکان بوبێت یان بەهۆی ساختەلێکردن بوبێت سەرئەنجام ئەوە ئەنجامەکەیەتی !؟  لێ ” کۆنەکان ” بۆ پاڵپشتی کردنی ئەم بۆچونە پێیان وایە ڕیکخستنەکانی گۆڕان وهەڵسوراوەکانی چیدی بەرگەی چوارساڵی تری سزادانی سیاسی ناگرن ولەوە زیاتر ناکرێت نان بڕاوبکرێن ، وناکرێت ئەم دەرفەتە کەهەڵکەوتوە گۆڕان سەرکەشانە لەدەستی بدات . ئەمە لەکاتێکدایە خودی بەدسەتهێنانی ئەم دەنگ زۆریەی گۆڕان بەشێکی لە مامەڵەو بەدکاری دەسەڵات سەرچاوی گرتوە  نەک لەمیهرەبانی دەسەڵاتەوە بوبێت . قوربانیانی ئازادی و نادادپەروەری نێوان چین وتوێژەکانی کۆمەڵگا بوە هۆی بەدەستهێنانی ئەودەنگانە نەک سفرەی ڕازاوەی بەرپرسە کۆنەکان .

ـ بەرەی دوەم کە” بیری نوێ ” و هەندێک لە پاسەوانە گەنجەکان نوێنەرایەتی دەکەن  پێێ وایە چونی گۆران بۆ دەسەڵات و رازی بون بەمەرجەکانی هێزێکی کۆنسرڤاتیزمی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان و ناز هەڵگرتنی هێزێکی شکستخواردوی بەدروشم سۆسیالدیموکراتی وەک یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و گفت دان بەوەی کە بەشدرابویەکی بێ وەی دەبن لەحوکمەتدا و کار بەمیتۆدی ” لێگەڕی بابڕوات ، لێگەڕی باکاربکات ” هەڵەیەکی سیاسی کوشندەیە و لەداهاتودا زیان ئامانجە گشتییەکانی گۆران دەگەێنێت . بۆئەمەشیان ئەزمونی بەشداریکردنی یەکگرتو بەنمونە دەهێننەوە کە چۆن پێ یەک لەدەسەڵات وپێ یەک لەئۆپۆزسیۆن زیان بە جەماوەرەکەی گەیاند . بۆ بەهێزکردنی ئەم رایەش ئەم بەرەیە پێی وایە گۆڕان کەنەیتوانیوە هێزێک بێت بەتەنها یان لەگەڵ هاوپەیمانەکانی زۆرینەیەک بهێنێت کە پێویستی بەبەشدرایپێکردنی (ینک، پدک) نەبێت بۆ پێکهێنانی حوکمەت لەدۆخی ئۆپۆسزیۆن بوندا بمێنێتەوە وکار بۆچوار ساڵی داهاتو بکات و پێگەی خۆی لەناو هاونیشتیمانیانی کوردستان قایم تر بکات وبتوانێت بەبەدەستهێنانی دەنگی زیاتر کاریگەری زیاتری هەبێت لەسەر پێکهێنانی حوکمەت . بۆ ئەم ڕایەش ئەو بەرەیە پشت ئەستورە بەوەی کە گۆڕان لەبەرنامەگشتگیریەکەیدا ئاماژە بەوەی داوە کەگۆڕان هێزێکی دەنگدەرە ،باوەڕی وایە کە بەهۆی دەنگدان و هەڵبژاردن دەستاودەستی ئاشتیانەی دەسەڵات بکات . لادان لەم هێڵە گشتی یە  سازشە لەبەرنامە سیاسییەکەی بزوتنەوەی گۆڕان ، وەرگرتنی چەند پلەو پایەیەکی ناو حوکمەت بێ ڕیفۆرم ودەستکاریکردنی جومگەکانی دەسەڵات ،گۆڕانکاری ڕیشەیی لێناکەوێتەوە ، هێندەی ناوزراندن وپاشەکشێی گۆڕان دەبێت لەئایندەدا.

پرسیارەگەورەکە ئەوەیە کە هێزێکی وەک گۆڕان بە ئۆپۆزسیۆن بون بتوانێت بە چوار ساڵی تەمەن هێزێکی گەورەو براوەی هەڵبژاردنەکان بێت ؟ بۆچی چاوەڕێێ ئەوەی لێنەکرێت کە لەچوارساڵی داهاتو بەتەنها یان لەگەڵ هاوپەیمانەکانی پێکهێنەری دەسەڵات بێت … ئەم پەلەکردنەی ئەمڕۆی کۆنەکان ئەگەر بۆ وەرگرتنی کۆمەڵێک پۆست وئیمتیازات ومۆڵبونی سەرمایەکانیان نەبێت کێ سودمەند دەبێت !؟ لەئێستادا سادەترین هەلسوراوی ناڕیکخراوی گۆران دەپرسێت !؟ کەگۆڕان بەناردنی چەند روخسارێکی کۆن بۆ دەسەڵات نەتوانێت سیستمی حوکمرانی  بگۆڕیت ئیتر نەچونی باشتر نی یە !؟

” بیری نوێ” و پاسەوانەکانی پێیان وایە کۆنەکان بەهەمان ڕیتمی پارتی مامەڵە لەگەڵ پێگەو سەنگی گۆڕان دەکەن ، کەهەردوکیان کار لەسەر کاریزماو توانای سیاسی نەوشیروان مستەفا دەکەن بێ ئەوەی بپرسن کە ئایا هێزێک  لەئەمڕۆ دەرفەتی دەسەڵات گرتنێکی” نسبی” بۆهەڵکەوتبێت  دەتوانێت دوێنێ  ئۆپۆزسیۆن بون لەبیر بکات ، فەرامۆشی کات ؟! لەوەش گرنگتر تاچەند دەتوانێت لەفەرهەنگی سیاسی کوردستان  ئەوە مۆدێلە تەندروستە بهێنێتە ئاراوە حیزب کەلەدەسەڵتدایە ئەگەر بەپێی ویستی خەڵک نەجوڵێتەوە بگەڕێتەوە بۆ خاڵی بون بەئۆپزسیۆن !؟ دەسەڵات لەئەمڕۆدا سەرباری ئەو نازو مەکرەسیاسیەی کە بەسەر قەوارەدەرچوەکاندا دەیکات لەبەشداریپێکردن ونەکردن ، لەمەرجدانانی پێشکات، لەخاڵی بەرکەوتنی پشکی زیاتر و کەمتر ، مەبەستدارانە ژێر بەژێر کار بۆ  ناشرینکردنی ڕۆڵ وماهیەتی ئۆپزیۆن بون دەکات . چونکە ئەم دەسەڵاتە هێندەی لەخەمی ئەوەدایە لەو سەرئێشەیەی ئۆپزسیۆن ڕزگاری بێت ، کەبەدرێژای چوارساڵی رابردوو ڕوبەڕوی بۆتەوە ،ئەوەندەی کار بۆتێکشکاندنی وێنەو شکۆمەندی ئۆپزسیۆن دەکات  هێندەلەخەمی ئەوەدا نییە کە کێ وەزیری فڵان وزارەت وفیسار وەزارەت کێ وەزیریەتی . سەرئەنجام دەسەڵات پرۆژەی مۆنۆپۆلی دەسەڵات و فەرمانڕەوای دورمەودای خۆی هەیە . بۆیەش پێویستە ئۆپزسیۆن لەگرتنی دەسەڵاتدا پرۆژەی دورخایەن و نەفەس دریژی هەبێت ، نەک ئەوەی ئەمڕۆ هەوڵی بۆدەدرێت ئەزمونی هیزێکی ئۆپۆزسیۆنی واقیعی لەبەر خاتری ناردنی چەند وەزیرێک ومودیرعامێک  هیواو ئومێدی پتر لە پێنجسەدهەزار دەنگ لەبارببرێت.

بۆیە گوشاری سەر گۆڕان لەناوخۆێدا لەوەدا خۆی دەبینێتەوە لەهەڵبژاردنی یەکێکیاندا  : گۆڕان لەبەرئەوەی دەنگدەر و جەماوەر تەحدیدی ئەودەکات سەنگی لەهاوکێشە سیاسیەکاندا لەچ ئاست وجۆرێکدا دەربکەوێت ، پێویستە زۆر بە ئاگایانە مامەڵە لەگەڵ پرسی بەشداریکردن بێت لەحوکمەتدا ، چونکە گۆڕان هێزێک نی یە کە ئایدۆلۆژیایەکی هەبێت یانەکێ ڕێکخستنی پتەوی هەبێت یاخود پێشخان و مێژویەکی چەق داکوتراوی هەبێت لەناو گۆڕەپانی ململانێ سیاسی یەکاندا، ئەوەی هەیەتی  شەرعیەتی ئۆپۆزسیۆن بون و هێزو هزری دەنگدەریەتی . لەئیستاشدا هەق وایە هێندەی سەرقاڵی پشتگیری کردن ولەخۆگرتنی پرسی شکۆمەندی خۆشەویستی و شۆرشی ماچ بێت هێندە بە بەشداریکردن لە دەسەڵاتێکدا نەبێت کە لەسایەیدا جوانیەکانی ژیان تێکدەشکێن .

رۆژنامەی هاوڵاتی بەرواری ٢٠١٣.١٠.٢٣ بڵاوکراوەتەوە .

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *