سلێمانی، بۆیە شارە چونکە هەموتانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردوە .

 

 

سلێمانی، بۆیە شارە چونکە هەموتانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردوە .

کامەران ئیسحاق پەری
سەرۆکی ماوە بەسەرچو لەباسکردنی ئەگەری جیاکردنەوەی سلێمانی لەهەرێم بە بەزاندنی هێڵی سور ناودەبات . جێگرەکەی تازە بەتازە بەخەبەر دێتەوە و دەڵێت: سلێمانی موڵکی کەس نییە و کەس نیتوانیوە و ناشتوانێت بەتەنیا قۆرغی بکات.  پارێزگارەکەی بێدەنگی دەشکێنێت و رایدەگەێنێت ئەگەر بونی من لەوشوێنە نایاسای یە یەک دەقە ئامادەنیم تێدا بمێنمەوە!؟ ، هەندێک لە گوێڕایەڵەکانی گۆڕان  ئەوانەی خۆیان بەڕیفۆرمیست ئەزانن ، وئێستا پێشنوێژیمان بۆ دەکەن خێرا پاشگەزبونەوە گوتیان نەبابە مەسەلەکە بەلارێدا مەبەن ئێمە کەی مەخسەدمان جیاکردنەوەی سلێمانی یە . وەک ئەوەی ئەگەر مەخسەدمان جیاکردنەوەی سلێمانی بێت تاوان بێت . !؟

هەموو باس لەسلێمانی دەکات وەک ئەوەی ئەم شارە کاڵایەک بێت بەدەست ئەم حیزب وئەم حیزب کەی بیانەوێت بەئارەزوی خۆیان سەوداو مامەڵەی کڕین وفرۆشتنی بکەن  . لەراستیشدا ئەودەستە و گروپانەی کە ئەمڕۆ شتێک دەڵین وسبەی شتێکی تر دەنوێنن بەرامبەر بەسلێمانی کەمیان لەخەمی ئەوەدان کەسلێمانی بەرلەهەموو شتێک شارە . کەمیان بەئاگان لەوەی کە سلێمانی شارە نەک کاڵایەک بێت  بۆ کڕین و فرۆشتن . !؟
ـ شارە بەمانای ئەوەی سەرۆکەکەی بەرلەوەی جیاکردنەوەی سلێمانی بەبەزاندنی هێڵی سور بزانێت ، دەبو کوشتنی رۆڵەکانی سلێمانی لەسەردەستی پاسەوانی بارەگای حیزبەکەی بەبەزاندنی هێڵی سور بزانێت.

ـ شارە بەمانای پارێزگاکەی بەرلەوەی باس لەیاسای بون ونایاسایی خۆی بکات لە پارێزگاریکردنی سلێمانی ، بگەڕایتەوە بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و سەیرێکی بکردایە چەندێکی ئەم شارە دەنگی داوە بەوانەی کەتۆیان بەیاسایی  وبەمەرسوم داناوە . پێم سەیرە پارێزگارێک هەبێت ئەوەی پێ قبوڵ بێت پارێزگاری شارێک بێت کە دانیشتوانەکەی ئامادە نەبێت دەنگ بدات بەوحیزبەی کە ئەم ی کردوە بەپارێزگار بەسەریەوە، کەچی ئەم پارێزگاریبونی قبوڵ بێت .

ـ شارە بەمانای هیچ کەسێک ، بەرپرسێک ، تاقمێک لەناوبزوتنەوەی گۆڕاندا ناتوانێت موزایەدە بکات بەسەر دەنگدەری سلێمانی ، ئەوە دەنگدەرەی کە لەدوێنیدا توانی بەدەنگی خۆی هەق لەیەکێتی بکاتەوە، هەرئەویشە کەدەتوانێت بڕیار بدات جیا بێتەوە یان بەم حاڵە بمێنێتەوە . بیرمان نەچێت  ئەم بزوتنەوەی پێشوەخت بڕیاری داوە بزوتنەوەیەکی دەنگدەربێت . لادان لەئیرادەی دەنگدەر مانای لەدەستدانی دەنگدەرەکانیەتی .

ـ شارە بەمانای هەتائیستاش بەوەتۆمەتباردەکرێت کە هزری شارگەرای تێدا زاڵە و هەندێک جار رەفزی گەرەکە دورەکانی پەرگەی شار دەکات ، لەکاتێکدا ئەم شارەوەک دایک  هێندەی لەخەمی شارەکانی تردا بوە لەخەمی خۆیدا نەبوە .

ـ شارە بەمانای زۆرینەی شانازیەکانی دوێنێی شاخ و  دەستکەوتەکانی ئەمرۆێ دەوڵەتداری کوردی لەسەردەستی ڕۆڵەکانی سلێمانی بوە .
دواتر ئەم شارە بۆیە شارە چونکە هەموتانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردوە .

ئەم بابەتە تائێرە لەڕۆژنامەی هاوڵاتی بڵاوبۆتەوە : دواتر ئەمەشم بۆ زیاد کرد بەڵام تەنها لەفەیس بوکەکەی خۆم بڵاوم کردەوە

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *