مه‌لابه‌ختیار ….. شانه خه‌وتوه‌کانی ئاڵای شۆرش به‌خه‌به‌ر دێنێته‌وه !؟
به‌دواداچونی : کامه‌ران ئیسحاق په‌ری
که‌ناڵی ته‌له‌ڤیزۆنی NRT له‌چوارچێوه‌ی بڵاوکردنه‌وه‌ی چاوپێکه‌وتنێکی له‌گه‌ڵ مه‌لابه‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی کارگێری مه‌کته‌بی سیاسی (ینک) له میانه‌ی به‌رنامه‌ی ڕوداو مێژو ، به چواربه‌ش که نزیکه‌ی 4 کاتژمێر بوه له 7.08.2012 تا28..08.2012 بڵاوکرده‌وه
مه‌لابه‌ختیار له‌کاتێکدا ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌له‌گه‌ڵ مێدیادا ئه‌نجامدا که هێشتا مامجه‌لال به‌هۆی خراپی ته‌ندروستیه‌وه له‌ئه‌ڵمانیابوو، هه‌تا به‌رواری په‌خشی دواهه‌مین به‌شی که له28.08.2012 دا بوه مام نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه کوردستان و ته‌مومژێکی زۆر له‌هه‌واڵی باش وخراپی ته‌ندروستی و گه‌ڕانه‌وه‌ی مامجه‌لال له‌ناو سیاسه‌تکاران ومێدیاکاراندا ده‌گوزه‌را. ئه‌و له‌وئه‌نته‌رڤیوه‌دا له‌سه‌رخۆ و به پۆشاکی کوردیه‌وه وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی ده‌دایه‌وه ، وه‌ک ئه‌وه‌ی پێمان بڵێت ئه‌م کوردبه‌رگییه گوزارشت له‌و روداو مێژووه ده‌کات که ئه‌مڕۆ NRT پرسیاری له‌مه‌ڕده‌کات … وه‌لێ بۆ خۆی وه‌ک مه‌لا به‌ختیار له‌مێژه ئه‌وبه‌رگه‌ی که‌بۆته یه‌کێک له‌سونبوله‌کانی ناسینی لایه‌نێکی شێوازه‌کانی خه‌باتی شاخ له‌به‌رداکه‌ندوه‌و به‌رگی شارنشینی له‌به‌رکردوه ، به‌دیوێکی تردا ده‌کرێت بڵێن هه‌وڵێکه بۆ لاسایکردنه‌وه‌ی ئه‌وسه‌رکردانه‌ی که‌ئه‌مڕۆ له‌گۆڕه‌پانی ململانێکاندا به‌زه‌قی له‌بۆنه‌گشتی وتایبه‌تیه‌کاندا له‌چاوپێکه‌وتن ولێدوانه‌کانیاندا به‌پۆشاکی کوردیه‌وه ده‌رده‌که‌ون !؟ بێ گومان دیارترینیشیان مه‌سعودبارزانی سه‌رۆکی هه‌رێم و نه‌وشیروان مسته‌فا ڕێکخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ه . وه‌ک ئه‌وه‌ی بڵێت منیش له‌ئاینده‌دا به‌م جلکه کوردیانه‌م سیاسه‌ت ده‌که‌م و ئه‌م جۆره‌ش له جلی کوردی ده‌بێته مۆرکی ناسینه‌وه‌م له‌ناو گۆڕه‌پانی سیاسه‌تی کوردی‌دا …. ئه‌و ئه‌م ویسته ناشارێته‌وه به‌قه‌ولی خۆی( له‌سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتدا له‌دوای مامجه‌لال وکاک نه‌وشیروان ئه‌م به‌پله‌ی سێهه‌م دێت) پرسیاره‌که لێره‌دا ئه‌وه‌یه ئایا له‌م هه‌مو هه‌ڵبه‌زو دابه‌زو شکست و هه‌وراز و نشێویانه مه‌لابه‌ختیار ده‌توانین به سێهه‌م بناسێنین.!؟
ـ مه‌لابه‌ختیار له‌م ماوه‌یه‌دا به‌تایبه‌ت له‌پاش وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئیبراهیم جه‌لال ونوسینی په‌رۆشینامه‌که‌ی بۆ سه‌رۆکی هه‌رێم له‌مه‌ڕ ناکۆکیه‌کانی کاک مه‌سعود له‌گه‌ڵ به‌غدادو دواتریش له‌م دیداره‌دا و بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌ندێک ده‌ستنوسی کۆنی رێکخستنی کۆمه‌ڵه ….سه‌رنجی بینه‌ران و کۆنه شۆرشگێره‌کان وپاشماوه‌ی ڕێکخستنی کۆمه‌ڵه‌و ئاڵای شۆرش بۆلای خۆێ ڕاده‌کێشێته‌وه به‌جۆرێک هه‌ڕه‌شه‌ی بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌ندێکی ئه‌ومێژووه و دیدار‌و هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی ئه‌م دوایه‌ی شه‌قام به‌سه‌ر دوو به‌رده‌ی جیاوازی به‌گژیه‌کداچوو دابه‌ش ده‌کات ، به‌ره‌یه‌کیان ته‌واو ده‌که‌وێته ڕه‌خنه‌ی توند له گێرانه‌وه‌ی سه‌رگوشته‌و مێژووی سه‌رده‌مێکی ته‌م ومژاوی ئاڵۆزی ئه‌و کاتی گوزه‌رانی سیاسه‌تکرن له‌شاخ و دواتریش فه‌رمانڕه‌وایه‌تی له‌شار … ئه‌وبه‌ره‌یه پێی وایه مه‌لابه‌ختیار جگه له‌ته‌نفیسی سیاسی و قاڵبونه‌وه‌ی زیاتری ناکۆکی وململانێکانی نێو باڵه‌کانی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی وکردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌ک بۆ ده‌رچون به‌که‌مترین زیان له داهاتوی یه‌کێتیدا له‌وچه‌شنه له‌ده‌رکه‌وتن و بڵندگۆییه له‌ئێستاداهه‌وڵی گه‌یاندنی شتێکی ئه‌وتۆی نه‌داوه و له‌داهاتوشدا ناکرێت چاو‌ڕێی موعجیزه‌ی لێبکرێت . له‌به‌رامبه‌ردا به‌ره‌که‌ی تر پێی وایه مه‌لابه‌ختیار به‌م هه‌ڵوێستانه‌ی له‌م دوایه‌دا ڕاستگۆیانه‌تر له‌پێشتر ده‌رکه‌وتوه و بوێر بوه له‌وروژاندنی هه‌ندێک بابه‌تی هه‌ستیار وچاره‌نوسساز. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌شی شان به‌شانی پێشه‌کانی شایه‌نی ستایشکردنه و ئومیدی زیاتری لێهه‌ڵده‌چنرێت.
ئه‌وه‌ی من له‌م به‌دواداچونه هه‌وڵم داوه کاری له‌سه‌ربکه‌م ئه‌وه‌یه به‌ده‌ر له خوێندنه‌وه‌ی نه‌یارو دۆست به‌جیا له‌به‌ریه‌که‌وتنی ئه‌و دوبه‌ره‌یه له‌ئاست هه‌ڵسوکه‌وه‌تی سیاسی مه‌لابه‌ختیار، بابه‌تیانه له‌هه‌وڵی شرۆڤه‌کردن و به‌دواداچونی چه‌ند هێڵ و لایه‌نێکی گرنگی ئه‌و چاوپێکه‌وتنه‌دا بم .
مه‌لا به‌ختیار وه‌ک قوربانی هاوپه‌یمانیه‌تی مام جه‌لال و کاک نه‌وشیروان !؟
مه‌لابه‌ختیار له‌وه‌ڵامه‌کانیدا درک به‌وه‌ده‌کرێت که کاتێک کۆده‌نگیه‌ک هه‌بوه له‌سه‌رکاک نه‌وشیروان بۆ جێگرتنه‌وه‌ی ره‌مزه‌کانی کۆمه‌ڵه له‌نێوشیاندا خاڵه‌شه‌هاب وکاک ئارام و به‌هێزکردنی پێگه‌ی هزری کۆمه‌ڵه له‌ناو یه‌کێتیدا،کاک نه‌وشیروان ئه‌وجێگرتنه‌وه‌یه‌ی ڕه‌تکردۆته‌وه و دواتریش به‌هاوپه‌یمانی به‌ستن له‌گه‌ڵ مامجه‌لال و بڕیاردان له‌سه‌رهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه ده‌بێته سه‌به‌بکاری لاوزکردنی ڕه‌وتی کۆمه‌ڵه له‌ناو یه‌کێتیدا . ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ی نێوان کاک نه‌وشیروان و مامجه‌لال له‌سه‌رحسابی بچوکردنه‌وه‌ی ڕۆڵی سه‌رکردایه‌تی کۆمه‌ڵه و به‌تایبه‌ت مه‌لا به‌ختیار و سه‌رکرده‌دیاره‌کانی ئه‌وکاتی کۆمه‌ڵه له‌ناو یه‌کێتیدا له‌هه‌گبه‌یه‌کیدا له‌ده‌ستپێکی ناڕه‌ازایه‌تییه‌کاندا به‌جیابونه‌وه‌ی مه‌لابه‌ختیار و هاوه‌ڵه‌کانی له‌یه‌کێتی و ڕاگه‌یاندنی ئاڵای شۆرش سه‌رده‌رده‌کات و له‌دواتریشدا به وه‌لائی موتڵه‌قی مه‌لابه‌ختیار بۆ مام جه‌لال ویه‌کێتی تا ئاستی دژایه‌تی کردنی هه‌موو بیرۆکره‌یه‌ک که تێدا بۆنی جیابونه‌وه له‌یه‌کێتی ( به‌دروستبونی گۆڕانیشه‌وه) تێدا به‌دی بکرێت کۆتای دێت. ئه‌م دو هه‌ڵوێسته ته‌واو دژ به‌یه‌که که ئه‌مڕۆ کاریه‌ری سیاسی مه‌لابه‌ختیاری تێدا ده‌بینرێته‌وه ، خه‌ڵکێکی زۆر لای وایه ئیفلاسی سیاسیه و مه‌لابه‌ختیار چیدی له‌گۆڕه‌پانی ململانێکانی نێوان باڵه‌کانی یه‌کێتی ڕۆڵێکی ئه‌وتۆ ناگێرێت … له‌ئاینده‌شدا له‌باشترین حاڵه‌تدا ده‌بێته سیاسیه‌کی خانه‌نشین و هیچی تر ، به‌ڵام به‌دیوێکی تریشدا ده‌توانین بڵێن مه‌لا ئه‌م جاره له‌یاریه‌که تێگه‌یشتوه و ئاماده‌نیه جارێکی تر ڕابردوی سیاسی وداهاتوشی بخاته ژێر ئه‌گه‌ر و ڕه‌حمه‌تی هه‌بونی هاوپه‌یمانیه‌کی ( جه‌نتلمانانه‌ی ) نیوان مامجه‌لال وکاک نه‌وشیروان و ئه‌و هه‌ڵه‌مێژویه دوباره‌بکاته‌وه که کاتی خۆی به‌جیابونه‌وه‌ی له‌یه‌کێتی کردی ، ئه‌و ئه‌زمونی بچوکردنه‌وه‌ی ڕۆڵی سه‌رکرده‌دیاره‌کانی یه‌کێتی له‌سه‌رده‌ستی هاوپه‌یمانیه‌تی و هاوڕێه‌تی مامجه‌لال و کاک نه‌وشیروان ، له‌رێزی یه‌که‌میشدا خۆی وه‌ک یه‌که‌مین قوربانی ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌تیه ئینجا هه‌ریه‌ک له جه‌بار فه‌رمان و کۆسره‌ت ره‌سول و به‌رهه‌م سالح ی له‌به‌رده‌ستدایه … مه‌لا به‌ختیار پێی وایه چونه ناو هاوکێشه ئاڵۆزه‌که‌ی نێوانی مامجه‌لال و کاک نه‌وشیروان کارێکی گه‌لێ هه‌ڵه‌یه و ئاماده‌نیه جارێکی تر بچێته ئه‌وهاوکێشه‌یه‌وه . بۆ گوزارشتکردن له‌م هه‌ڵوێسته به‌شێکی به‌دژایه‌تی مه‌لابه‌ختیار بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ئاقاری ته‌سفیه‌ی حساباتی کۆن و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه تێدا به‌دی ده‌که‌ین … هه‌رچه‌نده مه‌لابه‌ختیار له‌شاردنه‌وی ویستی تۆڵه‌سه‌ندندا هه‌وڵده‌دات کار به میتۆدی لێبورده‌ی بکات له‌سیاسه‌تدا وچه‌ندین جار ئاماژه به‌وه‌ده‌دات که‌ئه‌و له‌وکه‌سانه بوراوه که‌هه‌ڵوێستیان خراپ بوه به‌ڵام له‌به‌رامبه‌رئه‌مه‌دا شکسپیر ده‌ڵێت ( هه‌ندێک جار لێبوردن له‌هه‌ڵه‌کان تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌کی نه‌رمه) به‌تایبه‌ت له‌خاڵی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی به هێزو زه‌بری شاخ له‌ئاست به‌جیابونه‌وه‌ی مه‌لابه‌ختیار . ئه‌و ته‌واو خۆی به مه‌غدور ده‌زانێت وپێی وایه ئه‌گه‌رهێزێکی وه‌ک نه‌وشیروان له‌و سه‌رده‌مه‌دا که بیرۆکه‌ی ئاڵای شۆرش هه‌بوو هاوڕابوایه له‌سه‌ردروستبونی ڕه‌وتێکی تر که خۆی له( ئاڵای شۆرشدا ) ده‌بینیه‌وه له‌ناو یه‌کێتیدا یانه‌کێ لانی که‌م به‌وجۆره مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ جیابوه‌کاندا نه‌کردایه که‌دواتر له‌سه‌ر جیابونه‌وه‌ی ئه‌و له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا به‌خراپی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ کرا ڕه‌نگ بو ئه‌مڕۆ له‌گۆڕه‌پانی ململانێکاندا له‌ده‌رئه‌نجامدا مه‌لابه‌ختیار و حیزبه‌که‌ی جێگره‌وه‌ی گۆران بونایه !؟ بۆیه‌کا مه‌لابه‌ختیار له نێو دێڕی وه‌ڵامه‌کانیدا ده‌رک به چه‌مکی ( لێبوردن له‌هه‌ڵه‌کان ، لێبوردن له‌خراپه‌کارییه‌کان ) له په‌یوه‌ست به ڕوبه‌روبنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ گۆڕاندا ده‌که‌یت ،ئه‌و به‌بیری جیابوه نوێکان له‌یه‌کێتی ده‌هێنێته‌وه که ئه‌مان رۆژگارێک له‌و هه‌لومه‌رجه ته‌نگه‌ژاویه‌دا هه‌وڵی له‌باربردنی خه‌ونی ( ئالای شۆرش ) یان داوه ، وه‌ک چۆن له‌وسه‌رده‌مه‌دا ڕێگری کرا له جیابونه‌وه‌ی (ئاش) ، ئه‌مرۆکه‌ش مه‌لابه‌ختیار به مافی خۆی بزانێت به‌توندی له‌دژی ئه‌وجیابونه‌وه‌یه بوه‌ستێته‌وه . ته‌نانه‌ت مه‌لابه‌ختیار خۆی به‌شه‌ره‌فمه‌ند ده‌زانێت کاتێک که خۆی وه‌ته‌نی ده‌بێته ( مودافیع کاری به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئینشیقاق له‌یه‌کێتی ) و( ئاڵاهه‌ڵگری گفتوگۆش له‌گه‌ڵ گۆڕان ) ، گۆڕانێک که ئه‌مڕۆ به‌فۆرمێک له‌فۆرمه‌کان هاوشێوه‌ی ئه‌وکاتی روبه‌روبونه‌وه‌کانی ئاڵای شۆرش له‌گه‌ڵ یه‌کێتی خۆی ده‌بینێته‌وه مه‌به‌ستم له‌خاڵی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی جیابونه‌وه‌ی گۆران له‌یه‌کێتی و سه‌پاندنی سزادانی سیاسی به‌سه‌ر شوێنکه‌وتوانی گۆڕان دواتریش هێز ئاماده‌کردنی یه‌کێتی بۆ لێدانی گرده‌که‌و له‌ناوبردنی سه‌رکردایه‌تی گۆڕان له‌پاش روداوه‌کانی حه‌ڤده‌ی شوبات . خۆ ئه‌گه‌ر جیابونه‌وه‌که له‌شاخ وله‌هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ڕویبدایه و به‌یاسا و دادگای شۆرش و شاخ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ته‌خوینی یه‌کێتی بۆ گۆڕان کار بکرایه هیچ به‌دوری مه‌زانه ئه‌وه‌ی که به‌سه‌ر ئاڵای شۆرش دا هێنرا به‌سه‌ر گۆڕان و سه‌رکردایه‌تیه‌که‌ی بهاتابایه ، ئالێره‌شدا مه‌لابه‌ختیار هه‌وڵده‌دات خاڵی لێکچون له‌نێوان ئه‌ودوو جیابونه‌وه‌یه بخاته‌ڕوو.
مه‌لابه‌ختیار ختوکه‌ی ئیسلامی سیاسی ده‌دات !؟
پێشتر‌و له‌چه‌ندین شوێنی چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا و به‌تایبه‌ت له به‌شی چواره‌م وکۆتایدا مه‌لابه‌ختیار خۆی ده‌کات به‌ڕابه‌ری به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی هێزی ئیسلامی سیاسی . ئه‌و یه‌کێک له‌هه‌ستیارترین و پڕکێشمه کێشمه‌ترین نه‌یاری بۆخۆی هه‌ڵبژاردوه که ، له‌ئێستا و له‌داهاتودا ڕکابه‌ری بکات و ئاینده‌ی سیاسی خۆی پێببه‌ستێته‌وه !؟ مه‌لابه‌ختیار به‌ئاگایه له‌وه‌ی که هێزی گۆڕان له‌جه‌ماوه‌ره‌که‌یدایه، هێزی ئیسلامی سیاسی له‌عه‌قیده‌که‌یدایه ، هێزی ده‌سه‌ڵاتیش له‌دراوه‌که‌یدایه و ته‌نها بۆشای سیاسی که ئه‌م ده‌توانێت خۆی تێدا سه‌رقاڵ بکات لێدانی بیری ئیسلامی سیاسیه ته‌نانه‌ت لای ئه‌و گونجاوترین ڕیگایه بۆ مانه‌وه له‌گۆڕه‌پانی ململانێی سیاسی . چونکه کاتێک که گۆڕان وه‌ک تازه‌ترین مۆدێلی ئۆپوزسیۆن بوون له‌کوردستان له‌پاڵ هه‌ندێکی هزری ئیسلامی سیاسی ده‌رده‌که‌وێت و ده‌بێته هاوپه‌یمان له‌گه‌ڵیدا و ده‌سه‌ڵاتیش سه‌رباری ئه‌شکه‌نجه‌دان و لێدانی به‌زه‌برله رابردودا بۆ هێزی ئیسلامی سیاسی به‌م دوایانه‌ش به‌موغازه‌له‌کردنی و قه‌ره‌بروی کوژراوان و باره‌گاسوتێنراوه‌کانی له‌پاڵ ده‌سته‌وه‌ستانی یه‌کێتییه شه‌که‌ته ماندوبوه‌که له‌ئاست روبه‌ڕوبونه‌وه و ململانێکانی ده‌روه‌ی یه‌کێتی وسه‌رقاڵبونی به‌کێشه ناوخۆیه‌کان و شه‌ڕی جێگرتنه‌وه‌ی مامجه‌لال ، دژایه‌تی کردنی بیری ئیسلامی سیاسی له‌پاڵ ( ئه‌نتی پارتی ) یه‌تێدا باشترین ده‌رگایه بۆ به‌هێزدارکردنی پێگه‌ی مه‌لابه‌ختیار له‌گۆڕه‌پانی ململانێ سیاسییه‌کاندا، هه‌روه‌ک چۆن پرۆسه‌ی ئاشتکردنه‌وه‌ی به‌شێکی شه‌قام و کادیری یه‌کێتی و هێزی به زۆر له‌ناوچوی ئاڵای شۆرشیش له‌خۆده‌گرێت. چونکه ئه‌توانێت هه‌موو ئه‌وده‌نگه چه‌پ و ناڕه‌زایانه‌ی که هه‌ن به‌کۆنه ئاشه‌کانیشه‌وه دژ به‌ته‌شه‌نه‌کردنی بیری ئیسلامی سیاسی و کاریگه‌ری هه‌یمه‌نه‌تی پارتی به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تداری کوردستان ، له‌ژێر چه‌تری خۆی کۆبکاته‌وه . لێره‌دا پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه ئایا مه‌لابه‌ختیار که جارێک به‌زه‌حمه‌ت له‌ده‌ست هه‌وڵی تیرۆرکردنی ئیسلامیه‌کان ڕزگاری بوه ، چه‌ندجارێکێش له‌گه‌ڵک پارتیدا به‌گیرهاتوه ئه‌گه‌ر نه‌بێته شه‌هیدی دژایه‌تی ره‌وتی ئیسلامی له‌کوردستان ،ئه‌گه‌ر نه‌بێته ژیر ده‌ستو پێی هاوپه‌یمانیه‌تی ستراتیژی یه‌کێتی وپارتی!؟ تاچه‌ند ده‌توانێت کادیری کۆنی ئاڵای شۆرش و هه‌ندێکی جه‌ماوه‌ری گۆڕان له‌خاڵی به‌ره‌نگاربونه‌وه له‌گه‌ڵ ئیسلامی سیاسی و پارتی له‌خۆی کۆبکاته‌وه!؟ مه‌لابه‌ختیار ئه‌گه‌رله‌م شه‌ڕه‌دا تیا نه‌چیت ده‌بێته ئه‌وهێزه‌ی که دیفاع له‌عه‌لمانی بونی کوردستان ده‌کات و هه‌موو ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ی که‌له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌کێتی و هه‌ندێکی باڵی شوعیه کۆنه‌کانی ناوپارتی هه‌یه له‌په‌یوه‌ند به‌موجامه‌له‌نه‌کردنی ئیسلامی سیاسی له‌سه‌رحسابی ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی که‌سه‌رکردایتی و به‌شێکی زۆری کادیری وه‌سه‌تی پارتی ویه‌کیتی و گۆرانیشی پێ ده‌ناسرێته‌وه بۆ خۆی ده‌بات .
گرتنی مه‌لابه‌ختیار و هه‌وڵی له‌ناوبردنی له‌لایه‌ن یه‌کێتی یه‌وه !؟
هه‌ندێکی چاودێره سیاسیه‌کان به‌تایبه‌ت نه‌یاره‌کانی مه‌لابه‌ختیار هه‌میشه ده‌ستگیرکردن وزیندانیکردنی مه‌لابه‌ختیار له‌لایه‌ن یه‌کێتی و پاشان پاڕانه‌وه‌ی له سه‌رکردایه‌رتی یه‌کێتی و په‌رۆشینامه‌کانی مه‌لابه‌ختیار بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌رداری بڕیاری کوشتنی بن … ده‌که‌ن به‌چه‌قی ناساندنی که‌سیه‌تی مه‌لابه‌ختیار و به خاڵی لاوازی کاریزمه‌ی سیاسی ده‌ژمێرن ، پێشمه‌رگه دێرینه‌کان ، شۆرشگێره‌کۆنه‌کان ، جه‌نگاوه‌ره‌کانی شاخ پێیان وایه که مه‌لابه‌ختیار ده‌بێت شوکری خودا بکات که‌ئه‌م کاتێک جیابۆته‌وه ، ئیعدام نه‌کراوه . به‌ڵام خۆ هه‌رئه‌مه‌ش ده‌کرێت به‌دیوێکی تردا ببێته خاڵی به‌هێزی کاریه‌ری مه‌لابه‌ختیار وهاوکات مێژوی خه‌بات و شۆرشگێریه‌تی یه‌کێتی له‌ئاست قبوڵکردنی بیرورای جیاواز بخاته ژێر ڕکێفی ئه‌وه‌ی چ هێزگه‌لێکی زه‌بر به‌ده‌ستی خوێن رێژ بوه ، هه‌ڵگری چ ته‌سکبیریه‌ک بوه ؟ تائاستی یه‌کتر قبوڵنه‌کردن و سه‌پاندنی ئیعدام له‌سه‌ریاخی بون و جیابونه‌وه له یه‌کێتی .! ئه‌و لێهاتوانه ، له‌ژێر فۆرم وشه‌رعیه‌تی شۆرشگێڕیه‌تی ئه‌وکاتی خه‌بات بۆ کوردستان دیوێکی دڕنده‌یی شۆرشگێران و بیرمه‌نده‌کانی شۆرشمان نیشانده‌دات، هه‌روه‌ک چۆن ده‌مانباته‌وه لای ئه‌و یاسا جه‌نگه‌ڵستانیانه‌ی که‌ئه‌و کات له‌ناوشۆڕشدا له‌یه‌کلایکردنه‌وه وبه‌ڕێوه‌بردنی ململانێکاندا کاری پێکراوه‌و باوی بوه . ئه‌و پێمان ده‌ڵێت له‌وسه‌رده‌مه‌دا جیابونه‌وه واته خیانه‌تکردن ، خیانه‌تکردنیش سزاکه‌ی ( ئیعدام ) کردنه جا ئه‌و ئیعدامه سیاسی یان جه‌سته‌ی بێت !؟
گرێکوێره‌ی مه‌لابه‌ختیار له‌ناو یه‌کێتی دا !؟
پێده‌چێت مامجه‌لال به‌ته‌نها گرێکوێری سه‌رکرده دیاره‌کانی ئه‌وکاتی کۆمه‌ڵه به‌تایبه‌ت کاک ئارام و خاڵه‌شه‌هاب و کاک نه‌وشیروان بۆ جیابونه‌وه نه‌بوبێت ، مه‌لابه‌ختیاریش به‌جۆرێکی کاریگه‌ر گرێکوێره‌یه‌تی .کاک ئارام وشه‌هاب به‌شه‌هیدبونیان له‌و ته‌نگه‌ژه‌یه ڕزگاریان ده‌بێت و فریای ئه‌و ڕوبه‌روبونه‌وه و به‌ریه‌که‌وتنه له‌گه‌ڵ مامجه‌لالدا ناکه‌ون به‌ڵام که‌دێنه سه‌ر کاک نه‌وشیروان تێبینی ئه‌وه‌ده‌که‌ین … گه‌نجیه‌تی خۆی به‌وه‌لائی ته‌واو و له‌ناوبردنی نه‌یاره‌کانی مام سه‌رفده‌کات و له‌پیریدا لێی جیاده‌بێته‌وه که‌دێنه سه‌رمه‌لابه‌ختیار له‌گه‌نجێتیدا لێی یاخی ده‌بێت و دواتریش باجی جیابونه‌وه‌له‌قاڵبون له‌سیاسه‌تدا به وه‌لائی ته‌واو له هه‌وڵی لێدانی نه‌یاره‌کان بۆ مامجه‌لال نیشانده‌دات. مه‌لابه‌ختیار له‌ئاست کردنه‌وی گرێ کوێره‌کان … گومان نیشان ده‌دات به‌تایبه‌ت له‌خاڵی جیانه‌بونه‌وه‌ی کاک نه‌وشیروان له‌یه‌که‌مین ئه‌زمونی به‌دیموکراتی ئۆرگانکردنی یه‌کێتی ( کۆنگره‌ی یه‌که‌می یه‌کێتی ) له‌وساته وه‌خته و پاشانیش به‌شداریکردنی کاک نه‌وشیروان له‌یادی دامه‌زراندنی 33 ساڵه‌ی یه‌کێتی . مه‌لابه‌ختیار ده‌ڵێت ( من که له‌یه‌کێتی جیاببومه‌وه و هێشتا نه‌گه‌رابومه‌وه ناو یه‌کێتی له‌به‌ستنی کۆنگره‌که‌یدا هه‌رچه‌نده بانگێشیش کرابوم نه‌چوم ). به‌ڵام کاک نه‌وشیروان له‌یادی دامه‌زراندنی یه‌کێتی که‌جیاش بوبویه‌وه هات و له‌ڕیزی پێشوه له‌گه‌ڵ مامجه‌لالدا زه‌رده‌خه‌نه‌یان به‌ڕوی یه‌کتریدا ده‌گۆڕیه‌وه…. ڕه‌نگبێت ئه‌م زه‌رده‌خه‌نه‌گۆڕینه‌ی نێوانی مامجه‌لال و کاک نه‌وشیروان زیاتر هانی مه‌لابه‌ختیاری دابێت له پێشکه‌شکردنی مام جه‌لال به‌ئاماده‌بوان له‌پێناو ڕه‌وینی گومانه‌کان دواجار وه‌ک ده‌رچون له‌قه‌یرانی لادان به‌لایه‌کدا وه‌لائی ته‌واو به‌مام جه‌لال نیشاندا .
په‌یام بۆ ئاڵای شۆرش !؟
به‌ڕێکه‌وت یانه‌کێ ئاگایه‌نه بوبێت ئه‌مڕۆ کادیرێکی زۆری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌پاشماوه‌ی سه‌رکردایه‌تی و ڕێکخستنی کۆنی ئاڵای شۆرش ده‌بینرێن . ته‌نانه‌ت هه‌ندێکی ئه‌وسه‌رکردایه‌تی و کادیرانه پێشتر له‌هه‌ندێک له‌قۆناغه‌کانی ململانێی سیاسی ناکۆک و دژڕابون له‌گه‌ڵ کاک نه‌وشیرواندا و هه‌ندێکیشیان له‌ئێستادا ناکۆکن له‌گه‌ڵ مه‌لابه‌ختیار ، به‌ڵام ئه‌مڕۆ له‌ژێر به‌یداخی کاک نه‌وشیروان ، گۆڕان هه‌ڵده‌سوڕێنن به‌م پێیه‌ش ئاڵای شۆرش جه‌سته‌یکه ده‌بێت به دوکه‌رته‌وه که‌رتێکیان لای مه‌لابه‌ختیار و یه‌کێتی که‌رتێکیشی لای کاک نه‌وشیروان و گۆڕان … ڕیهانه‌که ئه‌وه‌یه کێ ده‌بێت به‌خاوه‌نی ئاڵای شۆرش !؟ ئه‌و ئاڵای شۆرشه‌ی که‌له‌لای گۆڕانه هێزێکی که‌مدوی که‌نارگرتوه ، به‌ڵام هه‌ندێکی جومگه هه‌ستیاره‌کانی گۆڕانی له‌لایه ، ئه‌و ئاڵای شۆرشه‌ی لای مه‌لابه‌ختیاره ، هێزێکی بزێوی ئاماده‌باشه بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێکی کت‌وپڕ ، مه‌لا به‌ختیار له باسکردنی ترسی یه‌کێتی له‌هێز وکاریگه‌ری مه‌لابه‌ختیار له‌ناویه‌کێتی و بۆ زیاتر باوه‌رپێکردن به‌سه‌نگ و به‌هێزی ئالای شۆرش و به‌خه‌به‌رهێنانه‌وه‌ی هێزه بێده‌نگ وکه‌مدوه‌که‌ی ئه‌وبه‌ر ئه‌و هێزه‌ی خۆی ئاشکراده‌کات که له‌گه‌ڵیدایه له‌ناویه‌کێتی که‌خۆی له‌ژێر مه‌کته‌بی ( ڕێکخراوه‌دیموکراتیه‌کاندا) ده‌بینێته‌وه .پێم وایه مه‌لابه‌ختیار له‌وچاوپێکه‌وتنه‌دا بۆ هه‌مو کۆنه ئاشه‌کان په‌یامێک ده‌نێرێت بۆ خه‌به‌ربونه‌وه‌یان وئاماده‌ییان بۆ هه‌رئه‌گه‌رێکی کتوپڕو نه‌خوازراو. لێره‌دا مه‌به‌ستم بۆ ئه‌گه‌ری کتوپرو نه‌خوازراو ( نزیکبونه‌وه‌ی یه‌کێتی و گۆڕان یان دورکه‌وتنه‌وه‌ی یه‌کێتی و گۆڕان ) ه به‌ئاشکراش مه‌لابه‌ختیار ڕوودانی یه‌کێک له‌هه‌ردو ئه‌گه‌ره‌که به‌دور نازانێت ، هه‌ربۆیه‌ش له‌ئێستاوه خۆی به‌به‌رپرسیار ده‌زانێت بۆ ڕزگارکردنی ئاڵای شۆرش که‌ئێستا له‌نیوان به‌رداشی یه‌کێتی وگۆڕاندایه بۆ ئیستیقتاب و یه‌کپێگرتنی جه‌سته‌ی له‌تبوی ئاڵای شۆرش . مه‌لابه‌ختیار ده‌یه‌وێت له‌داهاتودا به‌پێی ئه‌وه‌ی خۆی وه‌ته‌نی ( ڕووداو ده‌زانێت و هیچ شتێک موتله‌ق نییه له‌سیاسه‌تدا ) له‌ئه‌گه‌ری دورکه‌وتنه‌وه‌ی ته‌واوی به‌ئاکام نه‌گه‌یشتنی هه‌وڵه‌کان بۆ یه‌گرتنه‌وه‌ی یه‌کێتی و گۆڕان به‌رپرسیاریه‌تی که‌سی یه‌که‌می یه‌کێتی له‌ئه‌ستۆ بگرێت ، له‌خراپترین حاڵه‌تیشدا بۆ جێپێی سیاسی ئه‌و له‌کاتی به‌ئاکام گه‌یشتنی هه‌وڵه‌کان بۆ یه‌گرتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌کێتی که‌سی دوه‌می گۆڕان بێت .
2012.09.11
لەماڵپەڕی کوردستان پۆست لەبەرواری ٢٠١٢.١٠.٢٣ بڵاوکراوەتەوە