ساڵیادی سەردەشت عوسمان ٢٠١٣

ئامادەبوانی  بەڕێز :

لەسەر کورسییەکەم دەنوسم  ئالێرەدا ئەو پیاوە مرد کەخەونی بەگۆڕینی دنیاو ئازادی یەوە دەبینی ، ئالێرەدا ئەو پیاوە مرد لەسەردەمێکدا  کە قایمترین شەرەف بەدوو پولی قەڵب دەکڕدرا

(بەختیار عەلی)

بەڕێزان  سەردەشت عوسمان منداڵێک نەبوو وەک بەگزادەی ئیمپراتۆرێک لەدایکبێت و پێشوەخت بەقەڵەمی ئاڵتونی دەستی لەسەر نوسینی مێژوی پادشایەتی ڕابهێنرێت و هەرزوش جێژی ئیمراتۆر بون  لەدەست بدات .. نەخێر ئەو زۆر بەسادەیی لەدایک بوو ئەوبەقەڵەمێکی زۆرسادە دەینوسی دواتر لەڕێگەی نوسینەکانی  وەک ئیمپراتۆری ئازادی بوە پادشای هەمومان، ئێمە ئەمڕۆ لەیادکردنی لەدایکبونی ئیمپراتۆری ئازادین .ئێمە ئەمڕۆ لێرەدا لەحزوری شکۆدارکردنی ئازادین.

 

ـ بەڕێزان ئێمە هیچ کات بەسادەیی ناڕوانینە داڕشتن و دروستکردنی سیناریۆکانی دەسەڵات ، بەڵکو پێشکات بەئاگاین لەهەمیشە بونی بەرژەوەندییەکی دیاری کراو لەپشت ئەو کارانەوە کەدەسەڵات ئەنجامی دەدات … پێمان وایە بەرژەوەندی وەستاو لەپشت کاری دەسەڵات بریتی یە لەبەرفراوانکردنی سنورەکانی ڕێگری لەئازادی و مافەکانی تاک لەکۆمەڵگادا . دەسەڵات لەڕێگەی سەپاندنی مەرجی تۆکمەیی لەدارشتنی سیناریۆی چەواشەکاری  بەخۆخەریکردن لەسەر ئەو دەقانەی کە لەسەر بنەمای تەنهاو تەنها وروژاندن کار دەکەن ، بەبێ بونی سەرچاوە و بەڵگەی بەهێز لەکرۆکی کارەکەیدا پرۆژەیەکە بۆ سەپاندنی دەسەڵات و ویستی کەمینە بەسەر زۆرینەی ئازادی خواز .

پرۆژەکەی ئێمەش بریتی یە لە پرۆژەی گەڕاندنەوەی واتا بۆ وشەکان ، پرۆژەی کۆکبون لەسەر رێزگرتن لەجیاوازییەکان . ڕاستە ئێمە گیرۆدەو قوربانی سیستمێکین کەزۆرداری کردۆتە ئامراز بۆ مانەوەی خۆی و لەناوبردنی مرۆڤەکانیش هەتا دێ ڕوو لەهەڵکشانە …. بەڵام ئەم دەسەڵاتە لەوەبێ ئاگایە کە هیچ کات مردنی مرۆڤەکان ، مەرگی ئازادی ناگەیێنێت بگرە  نەمری ئازادی دەگەێنێت.

ئامادەبوان : ئەم دەسەڵاتەی کەئەمڕۆ فەرمانڕەوای کوردستان دەکات ، ئامادەیە زۆرشتمان بداتێ ، ئامادەیە دەستبەرداری هەموشتێک بێت بۆ ئێمە ،ئەو لەبەخشین وتەخشان وپەخشانکردنی شتە بێ ماناکانی ژیان و دانی بەئێمە گەلێک دەست ئاوەڵا بوە. بەڵام  تەنها و تەنها یەک شت نەبێت کەئامادە نی یە بمانداتێ  ، تەنها یەک شت ئامادە نی یە کە ناویشی بهێنین کە ئەویش ئازادی یە .

زۆربەتان بەئاگان لەوەی کە ناخۆشترین شت بۆ مرۆڤ ئەوەیە کە لەنێوان واقیع و خەوندا قەتیس بمێنیتەوە . لەوەش  ئازاربەخشتر ئەوەیە لەنیوان خەون و واقیع دا نەواقیعت پێ قبوڵ دەکرێ و نەخەونیشت دێتە دی …. سەردەشت عوسمان ئەو مرۆڤەیە کە واقیعی پێ قبوڵ نەدەکرا ، بەڵام خەونی بون بە پشکۆی ئازادی هاتە دی .

دواتر ئەگەر بڕیار بێت کە ئەو سەردێرە نوێ یە بین کە سەردەشت چاوەڕێی  دەکات ئەوا :

یەکەم : ڕەخنە گرتن و چاودێری کردنی دەسەڵاتی سیاسی کوردی لەباشوری کوردستان و نوێنەرایەتی کردنی بەرژەوەندی گشتی سەردێری یەکەممان دەبێت

دووەم : لەڕێگەی نوسین ودواندن ووێنەو دێکۆمێنت وکاری رۆژنامەگەری ئازاد کاردەکەین بۆ تەنگ هەڵچنین بە کولتوری توندوتیژی دژی ئازادییەکان .

سێهەم : بەشدار دەبین لەکۆکردنەوە و یەکتر ناسینی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و پارتە ئۆپزسیۆنەکانی کوردستان ، بۆ لەگۆڕنانی تێگە دواکەوتوەکان کە کۆمەڵگای پێ خافڵکراوە.

چوارەم : کاردەکەین بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی تاک  ، بەڕەچاوکردنی پێداویستی ئازادی تاکەکان بەر لەهەر ناسنامەیەکی تریان.

ـ جێگەی خۆیەتی لەئەمڕۆدا بەهەموو لایەکی ڕابگەێنین کە داواکاریەکانمان ئەو خاڵەی تێپەڕاندوە کەبەتەنها داوای دادگای یەکی ڕەوای پاک وبێخەوش بکەیەن بۆ بکوژانی ئازادی ، لەکوردستانێک کەلەئێستایدا بەهیچ کلوجێک لەسایەی هەوڵی دەسەڵات بۆ کۆیلەکردنی تاک بەدیهێنانی ئەوداوایەی لێ چاوەڕوان ناکرێت . ئێمە  ٥ ی ٥  مان کردۆتە ڕۆژی دادگایکردنی ڕاستەقینە ، ئەوڕۆژەی کە تێدا خەونەکانی سەردەشت دێنەدی دەکەینە دەستپێک و رۆژی ئازادیمان .

هەربۆیە بەڕێزان ئەمڕۆ داواکارین لەئێوە کە بۆ هێناندەی ئاواتی سەردەشتەکان و لەگۆڕنانی واقیعی قبوڵنەکراو  بەنریتی دەسەڵات شەڕ نەکەن بۆ کۆیلایەتی شەڕبکەن بۆ ئازادی . چونکە ( دکتاتۆرەکان لەهەوڵی خۆئازادکردنی خۆیان ودارودەستەکانیان  لەبەرامبەردا لەهەوڵی کۆیلەکردنی خەڵکدان ) .

باشەڕ بکەین بۆ کوردستانێکی هۆشدار ، باشەڕ بکەین بۆ لەگۆڕنانی نیشتیمانی بندەست. با بجەنگێن بۆ دونیایەکی گونجاو شیاو .

 

کۆمیتەی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لەئازادی

کۆمیتەی پشتگیری لەداخوازییەکانی خەڵکی کوردستان

یۆتۆبۆری / سوید

٢٠١٣.٠٥.٠٥

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *