شەراب کەرەوەکەی شوان

شەراب کەرەوەکەی شوان …! 

شەراب کەرەوەی شوان
شەراب کەرەوەی شوان

لەگەڵ بارانێک لەخۆشەویستی هاوڕێم ساڵی نوێت پیرۆز بێت .

پێش ماوەیەک بەرلەوەی ساڵ کۆتای بێت  شەرابکرەوەیەکت بەدەست گەیشت کە ڕەنگ بێت نرخەکەی لە پێنج دۆلار تێپەڕنەکات ، بەڵام چیرۆکی پشتی ئەوشەراب کەرەوەیە ڕەنگە پڕ ماناترین دیاری ئەم ساڵی تۆ بوبێت … دەپرسیت چۆن شەرابکەرەوەیەک کەڕەنگوبۆی نەماوە تۆزبەسەر پاکەتەکەی نیشتوە نازانیت بەکارهاتوە یان نا کۆنەیە یان نوێ ،دەتوانێت ببێتە دیاردەوبەهایەکی بەنرخ  ،  راستیەکەی منیش نازانم ئەگەر کۆنە بێت یان نوێ بەڵام دڵنیام لەوەی کەتۆ بەدەستکەوتنی ئەوشەراب کەرەوەیە ژیانی چەند ڕۆژێکی منداڵێک لەکۆی ئەوچوارهەزار منداڵەی خاوەن پێداویستی تایبەت لە وڵاتی ڕۆمانیا ئاسودەکردوە ، ئەوشەراب کەرەوەیە لە شوێنێک کڕاوە پێی دەوترێت ئوست هێلپ ، شوێنێکە خەڵکی شتی لێزیادەی خۆی پێشکەش دەکات و ئەوانیش چوارشەمان وشەموان لەماوەی سێ کاتژمێردا بەکڕیارەنوێکانیان دەیفرۆشنەوە داهاتێکی زۆریان لەو فرۆشتنە بەچنگ دەکەوێت نزیکەی چوار بۆ پێنج هەزاردۆلار هەموو هەفتەیەک تەنها بەبەخشینی شتە زیادەکانی ماڵەکانی شارەوانییەکی سی هەزار دانیشتو کە پێی دەوترێت شارەوانی پارتێلا . ئەوکارەدەکات .

وەک نەریتێک مانگی چەند جارێک سەردانی ئەوشوێنە دەکەم هەرجارەو چەند شتێک دەکڕم ، کەڕەنگە زۆر پێویستیشم پێی نەبێت … لەدواسەردانمدا بەرلەکۆتای ساڵ  بڕیارم دا بەناوی تۆوە شتێک بکڕم و بیەکەمە دیاری تۆ بۆ ئەومنداڵەی کە نەتۆ دیوتە ، نەدەیناسیت نە ئەشزانیت کام منداڵەیانە کە ئەو ٥ دۆلارەی پێی دەدرێت یانەکێ کام لەپێداویستییەکانی بۆ دابین دەکات .

ئاخر لەم شوێنە بەتەنها تاخمی قەنەفەو کەلوپەلی ناوماڵ وچێشتخانەکانمان ویاری منداڵان وجانتاو پێڵاو  نافرۆشن ، کتێبەکانیش تابلۆکان وئەنتیکەکۆنەکانیش دەفرۆشن نزیکەی هەشت ساڵ لەمەوبەر من لەوێ چەند مانگێک خۆبەخشانە کارم دەکرد ، لەبەشی کتێبخانەکەی  لەگەڵ مستەر بەرتیلی تەمەن هەشتاوپێنج ساڵ ، رۆژانە سەدان کتێب دەگەیشتە دەستمان کە خەڵکی خوێندویەتیەوەو چیدی نایەوێت ڕوبەری ماڵە تەسکەکانی خۆی پێ بگرێت . جار هەبوە کتێبمان بۆهێنراوە تەمەنی سەدساڵ بوە ، کتێبیشمان بۆ هاتوە مانگێک بەسەرلەچاپدانی تێنەپەڕیوە کەچی خوێندراوەتەوەو هێنراوە بەخۆڕای پێشکەش بە کەسێکی تر دەکرێت کەنرخەکەی لە دۆلارو نیوێک تێناپەڕێت ، سەیرە دکتۆر گیان ، ڕۆمانێک نزیکەی پازدە بۆ بیست دۆلاری پێبدەیت و بەخۆڕای بیبەخشیت ، تۆش بە نرخی دۆلارێک کەمتر زیاتر بیکڕیت . و بەم پارەکەمەش ژیانی منداڵێک ئاسودەبکەیت .

تۆبروانە ئەم شوێنە کە تەنها خەڵکی خۆبەخش کاری تێدەکات چ ئامادەگییەک هەیە بۆ کاری خێر بەتایبەت لەپاش خانەنشینکردن . هەشت ساڵ لەمەوەبەر من لەگەڵ بەرتیل کارم دەکرد بەرتیل شارەزاییەکی زۆری هەبوو لەکتێبدا ، تەنانەت  کتێبەکانی ساڵانی جەنگ و ماڵوێرانکاری وبوژاندنەوەی ژێرخانی فەرهەنگی ژیاری خۆرائاوای هەموو لەبەردەست بو ، ناوەکەی من زۆر بەقورسی بۆ دەوترا ، چەند جارێک هەوڵم دا کە باکامێرا بیری بکەوێتەوە ، هەرلێی تێکدەچو دوجار بڕیاری دا ناوم بنێت کەشمیر. ئاخر کەشمیر هەم وەک فەهەنگی تێگەیشتنی ئەو بۆ مرۆڤەکانی ئاسیاو ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاست ئاسانتر بو لە کامێرا یان کامێران … نەدەکراش پێی بڵێم بە کامۆ بانگم بکات چونکە بەراستی کوفرێکی گەورەبو نەخوێندەوارێکی تر ناوی کامۆ بێت وجێگەی کامۆی ناو ناخی بەرتیل تێکبدات . لەبەرئەوە بڕیارماندا من ڕازیبم بەبانگردنی من بەناوی کەشمیر .

من وبەرتیل لە راستەکاندا کەدەچوین بۆ جگەرەکێشان ،بەدەم ڕوانین لە فیاتەکەی تۆ ئاسا تا من جگەرەیەکم دەکێشا ئەو دوانی تەواوکردبوو لەداگیرساندنی سێهەم بوو ،  ئاخر ئەو هەتا ئەم دواییانەش فیاتێکی هەبو وەک باسی دەکرد لەگەڵ وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری یەکەم ئۆتۆمۆبێڵ کەکڕتیویەتی فیاتی ئیتاڵی  بوە هەتا ئێستاش کەدەکاتە سەرو شەست ساڵ تەنها فیاتی ئیتاڵی لێدەخورێت. بەجۆرێک ئولفەتی ئەوبراندەببوو کەئاماەدەنوبوە بیگۆڕێت بەبراندیکی تری نزیکتر لەخۆی ڤالڤۆ بۆ نمونە  باسی دوجیهانی جیاوازمان دەکرد دوو کولتوری جیاواز دوو مرۆڤی جیاواز ، هەمووجارێک کەکتێبێکی باش بەدەستمان دەگەیشت .. بانگی دەکردم کەشمیر وەرە تەماشا بکە ئەمڕۆ ئەم کتێبانە پارەی چاکمان بۆ دەکات … ماوەیەک بەهۆی پڕئەزمونی بەرتیل و گرجوگۆڵی منەوە فرۆشی کتێبمان دوهێند زیاد کرد لەوشوێنە ، ئاخر بەرتیل پێش ئەوەی خانەنشین بێت لەکارگەی ئیسکۆئێفی سویدی تایبەت بەبۆربەرین دروستکردن کاری کردبوو ، بەهۆی ئازاری پشتو کفتیەوە نەیدەتوانی بەتەواوی بچەمێتەوە . لەگەڵ ئەوەشدا خۆشترین کاتەکانی ژیانی ئەوساتانە بوو کەلەگەڵ کتێبەکان دەژیا هێندێک بۆ فڕیدان هێندێک بۆ دوبارە فرۆشتنەوەی ، بەرتیل پێی وابوو کە ئەگەر هیچکام لەکتێبەکان کەڵکی فرۆشتنیشی نەمابێت ئێمە توانیومانە بەکۆکردنەوەی  شار لەخاشاک ڕزگار بکەیەن و دوبارە شتێکی نوێ لێدروستبکەینەوە.

خۆشەویستیم قبوڵ بفەرموو

کامەران ئیسحاق پەری

2015.01.01

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *