مەسیحی لەجیهاندا زۆرینە ، لەولاتی خۆیاندا کەمینە

مەسیحی لەئاوارەیدا فۆتۆ جەمال پێنجوێنی
مەسیحی لەئاوارەیدا فۆتۆ جەمال پێنجوێنی

مەسیحی لەجیهاندا  زۆرینە ، لەوڵاتی خۆیاندا کەمینە !؟  

مەیلی سڕینەوە و بنبڕکردنی کەمیەنەی مەسیحی لەسەردەستو بازوی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێراق و شام لەگەڵ ساتەوەختی ڕفاندن و بەبارمتەگرتنی دوو ” راهبە” و سێ منداڵی بێ دایک وباوک لەدێری “مسکێنتە ” دەستپێدەکات . دواجاریش لەهەینیەکی گەرماوەرزدا لەمینبەری مزگەوتەکانەوە دەشتی نەینەوا لە مەسیحی پاککرایەوە.بەم هەڵوێستەش تێدەگەین کە مانایەک بۆلێبوردەیی لەنێوان ئەو کەسانەی بیروباوەڕی ئاینیان جیاوازە یانەکێ بەشیوازێکی تر خودا دەپەرستن لەسنوری فەرمانڕەوایی داعش بونی نییە . نزیکەی شەش مانگ بەسەر ته‌قه‌لای بەفەرمی سڕێنەوەی شوناس و مێژو لە پاکتاوی شوێنکەوتوانی ئاینی مەسیحی لە شاری موسڵ ودەشتی نەینەوا لەلایەن “داعش” تێدەپەڕێت . له‌وئاسته‌شدا پتر لە سەد هەزار کریستیان کەتەنها تاوانیان ئەوەبوە لەسەر ناسنامەی باری کەسییەتیان نوسراوە “مسیحی ”  بەزۆرەملێ ناچارکراون ماڵ و زێدو پەرستگاو جێپێی مێژویان بەجێبهێڵن.

هەوڵی کڵێسا و سیاسەتکارانی مەسیحی لەئاست گەورەیی ئەم کارەساتە مرۆییە کەبەسەر مەسیحیەکاندا هاتوە جۆرێک لە بێئومێدی و نیگەرانی لە نێو زۆرگەلێکی ناوەندەمەسیحییەکان جێهێشتوە ،بەپێێ هەندێکیان کارکەرانی کڵێسا و نوێنەرەکانیان کە بەرپرسیاری یەکەمن بەڕۆڵی سەرەکی خۆیان هەڵنەستاون لە هەمبەر دابینکردنی پارێزگاری و ئارامی پێویست بۆ مەسیحییەکان . بەتایبەت کە بەدرێژای سەدساڵی ڕابڕدو لەمیژوی کۆن ونوێی رۆژهەڵاتی ناوەراست قەشەو راهیب ومەترانەکان لەبۆنەگەلێکدا شوێنکەوتوانی ئاینی مەسیحی لەسەرئەوە ڕاهێناوە کەکەمترین بەشداری وڕۆڵبینیان هەبێت لە کایە جفاتی ، ئابوری و سیاسیەکاندا، جگە لەبەڕێ کەوتن بۆلای کڵێساو یەسوع هیچ کۆڕبەندییەکی ترو ڕێگایەکی دی تاقینەکەنەوە ، هەنوکەش کڵێسا سەرباری ئەودۆخە خڕاپەی کەبەسەر مەسیحییەکاندا تێدەپەڕێت ڕێگرە لە هەوڵی مەسیحییەکان بۆ کۆچکردن ، بەپاساوی ئەوەی کە کۆچکردنیان سەرباری مانای توانەوەی مەسیحیەت لەئێراق دەگەێنێت ، هاوکات لادانە لە هەوڵدان بۆ گەیاندنی پەیامی برایەتی وئاشتیخوازنەی پێکەوەژیانی مەسیح . وەک ئەوەی مەسیحی بەدرێژای ئەم چەند ساڵە بەشێوازی جۆراوجۆر ناچارنەکرابێت کۆچ بکات ، دەربەدەری و کڵێساچۆڵکردن خواست وهەڵبژاردەو ویستێکی خۆرسکی بوە، نەک ستەمێکی بەزۆر سەپێنراوبوبێت. لەئێستادا کڵێسا هەڵوێستی تەمومژاوی و ناڕونە بەرامبەر بەو وڵاتانەی کەئامادەییان دەربڕیوە یانەکێ بەنیازن ئاسانکاری بۆلەخۆگرتنی کۆچبەری مەسیحی بگرنەبەر. کڵێسا لەزۆربەی لێداوانەکانیان جەخت لەسەرئەوەدەکەنەوە کە سوپاسی هەڵویستی ئەو وڵاتانە دەکەین کەئامادەن پێشوازی لەمەسیحی بکەن  بەڵام ژیان لەوڵاتی خۆ پێباشترە لەکۆچ .

لەم چوارچێوەیەشدا ئەنجومەنی ئەساقیفەی کاتۆلیکی ئێراق لەڕاگەیاندراوەی کۆتای کۆبونەوەکەی لەهەولێر لەبەرواری 2014.11.05 لەبارەی کۆچی مەسیحییەکانی ئێراق لەخاڵی 7 دا هاتوە : بۆتانی ڕوندەکەینەوە کە کڵێسا هانی کۆچکردن و ئاسانکاری بۆئەوانە ناکات کە هەوڵی بۆ دەدەن ، بەڵام ڕێز لە بڕیاری ئەو کەس وخێزانانە دەگرێت کە گەرەکیانە وڵات جێبهێڵن ، کڵێسا ئازادی هەڵبژاردنی تاکەکان بۆ داهاتویان بەرتەسکناکاتەوە … ئەوقسانەی لەبارەی باتریەرک ، ئەساقیفەو وکلێساوە دەوترێت لەبارەی داوای کلێسا بۆ ڕیگرتن لەکۆچی مەسیحی دورەلەراستی !؟

لەتازەترین لیکدانەوەش بۆ هەڵوێستی کلێسا”مەسیحیەکانی دەشتی نەینەوا ” بەمجۆرە وەڵام دەدەنەوە:

 بۆ هەموو ئەوانەی کەداوامان لێدەکەن دان بەخۆماندا بگرین ، ئێرە  چۆڵنەکەین دەڵێن : ئێوە کورسییەکانتان چۆڵ مەکەن ، ئێمە پێمان چۆڵکراو دەڕۆین . 

 ـ وێڕای درککردن بە دڕندەیی هێرش و پەلاماردانی مەسیحییەکان و ئەودۆخ خراپییەی دەمارگیری ئاینی کە ڕوبەڕویان بۆتەوە ، نوێژکردن بۆ ڕزگارکردنیان بۆتە کۆکاری کڵێسا و ڤاتیکان ، ئەوان لەبۆنگەلێکی زۆردا داوایان لەجیهانی باوه‌ڕپێکه‌رانی مه‌سیحی کردکە نوێژ بۆڕزگارکردنی مەسیحی ئێراق بکرێت ، نوێژ بۆ ئاشتی بکرێت !؟ لەوپێناوەشدا قەداسەتی پاپ و زۆرینەی پێشڕەوانی ئاینی رۆژهەڵات ” پاتریەرکیەتەکانی مەشرق” ڕۆژو کات ونوێژی تایبەتیان بۆئازاری مەسیحییەکان تەرخان کرد لەوانیش بترازێت لەژێر دروشمی Light for IraQ بەبەشداری پتر لە ٤٠٠٠ مەسیحی لەڕێگەی بانگێشتی ئەکتیڤیستەکاتۆلیکەکان بەهەمو جیهاندا بەدگیراساندنی مۆمێک و بەوتنی سروتی :ابانا الذي في السماوات ليتقدس اسمك ،ليأتي ملكوتك ،لتكن مشيئتك كما في السماء كذلك على الارض.اعطنا خبزنا كفافايومنا واغفر لنا ذنوبنا وخطايانا كما نحن نغفر لمن اخطاء واساء الينا ولاتدخلنا في التجارب لكن نجنا من الشرير.  .کەوتونەتەڕێ،بەڵام پێدەچێت گەوەرەی بەسەرهاتەکە سنورەکانی نوێژکردن و لێبوردەیی گوناهەکانی بەزاندبێت ، پێدەچێت چێدی ئاوێتە بونی سروتی نوێژو مۆم ، پاڕانەوە لە” مار ئیشۆع”  شتێک لەگوزەران وژیانێکی سەروخوارو کۆتا نادیار بۆ مەسیحی و هەوڵی سرینەوەی هەتاهەتایەی شوناسیان لە مێزۆپۆتامیا ڕێگای تاریکییان بۆ ڕوناک نەکاتەوە .!؟ ئەوان جگە لەپیتی “ن” هیچی تریان لەماڵەکانیان بۆ قورتار نەبو . خودی ڤاتیکان بەهۆی نێردراوەکەیەوە  بۆ هەرێمی کوردستان کاردیناڵ ” ڤێلۆنی” ئەو ڕاستییەی بۆدەرکەوت کە گەڕانەوەی مەسیحیەکان بۆ موسڵ لەئێستاو لەداهاتودا کارێکی ئەستەمە بەنوێژ و پاڕانەوە یانەکێ بەهۆی میڕاکڵێکی تری مەسیح بۆ ڕزگارکردنیان لەودۆزەخە بێتەکایەوە. قەداسەتی پاپ ” لەدواهەمین ” لوتفی خودایی” پەیڕەوکردنی دەسەڵاتەکانیدا لە ڕێگەی تویتەرەوە لە بەرواری2014.08.28  ئاوەها دەڵێت :  مەسیح بەسەر خاچەکەیەوە فێرمان دەکات ئەوانەشامان خۆشبوێت کە ئێمەیان خۆش ناوێت ” المسيح من فوق الصليب يعلمنا أن نحب أيضاأولئك الذين لا يحبوننا”  ئەم پەیامە چەندێک ماناهەڵگری خۆشەویستی و ئاشتیخوازانەی ئاینی مەسیح لەخۆبگرێت چەندگەلێکیش شەنوکەوکردنی بوغزاوییە دەمارگیرەکانە، لەئەمڕۆد چەندێک گەرەکمانە ئەم پەیامە لەسەرو هەموگوتارێکی دی شکۆمەندبکرێت و جەختی لەسەر بکرێتەوە کە ئاینی مەسیحی ئاینێکی لەخۆبوردەو ئاشتی خوازە ، ئەوەندەش لەکرۆکی مەسەلەکە گوزارشت لەوەدەکات کە ساناتر لە گروپ ودەستەو کەمینەی تر بتوانرێت دەست بۆمەسیحییەکان ببرێت و بچەوسێنرێنەوە . ئەم جۆرە پەیامانەی ڤاتیکان هیچی لەپەیامی پاتریەرکیەتی کلدان کەمتر نییە کاتێک کەدەڵێت : ململانێ لەئێراق دا لەناوەڕۆکدا ململانێیەکی ئاینی نییە !؟ ئێمە دەپرسین ئەگەر یەکدی قبوڵنەکردن لەئیراق  هۆکەی باڵادەستی دەسەڵاتی ئاین نەبێت !؟ چ جا بۆ یەکلایکردنەوەی هاوکێشە بەگژیەکداچوەکانی ئێراق بەتەنها کەمینەی ئاینی نەبوبێتە ئامانج ؟ ئەگەر فەرمانڕەوای لە ئێراق ملاملانێیەک نەبێت لەبنەچەدا بۆسڕینەوەی یەکدی خۆی پڕچەککردوە بۆچی بەتەنها شوێنکەوتوانی ئاینزا بچوکەکەکان ” مەسیحی ، ئێزیدی ، کاکەیی،سائیبە… ” دەبێت باجی ناکۆکی وپێکەوەنەگونجانی  مەزهەب وتایفە و پێکهاتەکانی تری ئاینی ئیسلام بدەن ؟! . ئایا ئەم شەرمنییە لەشاردنەوەی بەدکارییەکان لە گوتنی ڕاستییەکان تا چەند کلێسا دەخاتە بەردەم لێپرسینەوەی مێژوی کە هەتا ئێستا بنکەی سەرەکی خۆی لەبەغداچۆڵنەکردوەو لەبارەگای هاوینەیی هەولێر ژیان بەسەردەبات  !؟

مەسیحی هەڵهاتو کەلەبنەڕەتدا وەک بونەوەرێکی خاوەن ماف نابینرێت و بەدرێژای پتر لە سەدەیەک گیانبازی لەگەڵ مەرگدا دەکات، ئەو لەدڵەڕاوکێی ئەوەدا بوە کەئەمڕۆ ناسبەی نۆرەی لەناوچونیەتی. لەپێناو دورخستنەوەی کات وشوێنی ئەوئەگەرە چاوەڕوانکراوە چەندین جار ماڵ وحاڵی خۆی جێهێشتوە بەئومێدی ئەوەی کە وەرچەرخانێک بەسەر بارودۆخی سیاسی ئێراق بگوزەرێت کەلەسایەیدا هەمو تاکێک بەئازادی بحەسێتەوە. لەوپێناوەشدا لەڕابڕدودا کەبەناچاری سەربازو کوژراوی لەقادسیەی بەدناوی سەدام هەبوبێت…  دوای ئەومیژوە ئیدی بڕیاربو کەمینەکان لەسایەی فەرمانڕەوای ئێراقی پاش ستەم بحەسێتەوە ، لێ مەسیحیەکان سەرباری ئەوەی کە پێشکات لەدۆخی هەستکردن بە ئاسایش و ئارامی بەدوربوە ،لەئێستادا بەدەم خەوی سەر چیمەن وشۆستەو سوچ وبن دیواری کلێساو دێر وکاتدرائیەکانی  دهۆک و هەولێر وسلێمانی ،ئەستامبوڵ وعەمان … مۆتەکەی ماڵئاوایکردنی بێگەڕانەوە ئێخەی بەرنادات و جۆرێک پێداگری لەهزری شوێنکەوتوانی مەسیحی : بەوەی کە ئەم خاکە منی ناوێت !؟ خەریکە چەق دەبەستێت . چەوساندنەوەو ستەمکاری خاڵی پەیوەست بەکەمزانی خوشک وبرای مەسیحی لەڕۆژگارە ناهەموارەکانداسنوری تێدەپەڕاندوە و درێژەکێشانی ئەم دۆخە مەسیحییان لەئایندەدا دەکاتە بونەوەرێکی نەویستراو لەکۆمەڵگدا !؟

کۆچ بەرەو نادیار کەهەڵبژاردەی یەکەمی بەردەم هەڵهاتوان وقوربانیانی ناحەزانی لێبوردەییە  تێڕوانینیان بۆ ئایندە ڕادەچڵەکێنێت … کۆچو دەربەدەری بۆمەسیحییەکان شتێکی نوێ نییە ڕەنگە جیاوازیگەلێک ئەگەر بەدی بکرێت  لەوەدابێت ئەمجارە ئەگەر مەسیحی لەئێراق کۆچییان کرد کۆچی بێ گەڕانەوەبێت و  لەهزری زۆرینەی مەسیحی کۆچکردو وشەی ” مشلمانە” بەزەنگێکی ئاگاهێنانەوە بۆ بەدکاری وڕەفتارخراپی بێتەوە یاد. هەتا بیرەوەریەک مابێت بۆ گێڕانەوە ” ن ” سەرگوشتەی گێڕانەوکان دەبێت . ئاخر زەحمەتە بەسانای بتوانیت بەدکاری ئەوگروپ وتاقمە دەمارگیرانەی بەدرێژای مێژوی مرۆڤایەتی بەناوی ئاین و باوەڕی پاک و پیرۆزییەکان خەڵک دەکەن قوربانی لەیادبکەیت .

ئەوەی کەجێگەی سەرنجە بۆ من هەڵوێستی ڤاتیکان وقەداسەتی پاپ فرەنسیسە لەمەر مامەڵەکردن لەگەڵ روداوەکان : بەتایبەت لەدوای هێرشەکانی داعش بۆ سەرمەسیحییەکانی سوریاو ئێراق .  

١ ـ یەکەمین سەردانی ئەورپایی قەداسەتی پاپ  فرەنسیس لە 2014.09.21 بۆ ئەلبانیا بو، سەردانەکە تەنها یەک ڕۆژی خایاند، تێدا مەبەست لە سەردانەکە بەپێی ڤاتیکان بۆ ئەوەبو کەئەلبانیا بکاتە نمونەی پێکەوەژیانی ئاشتەوای بۆ دونیا کە چۆن دەکرێت وڵاتێکی وەک ئەلبانیا لەیەکاتدا  کاتۆلیک و ئەرسەدۆکس و ئیسلام پێکەوە بژین .

٢ . لە سەردانێکی مێژوی بۆ تورکیا کە چوارەمینە لەسەرئاستی سەردانی پاپاکان بۆ تورکیا کە سنوری بەئیراق و سوریاوەیە لە بەرواری 2014.11.28 ڤاتیکان ئەجێندای سەردانەکەی قەداسەتی پاپ ئاشکراکرد کە دو تەوەرە یەکەمیان دیالۆگی نێوان ئاینەکان و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوهەمیشیان  پاڵپشتی کردنی مەسیحیەکانی ئێراق وسوریا کە بەهۆی هێرش وپەلاماردانەکانی داعش ئاوارە بون . ئەمە لەکاتێکدا کە سەرۆکی تورکیا ئۆردوگان لەسەردانەکەی پاپ دا جەختی لەسەرئەوەکردەوە کەنیگەرانە لەو دۆخەی کەتێدا هەوڵ دەدرێت ئیسلامۆفۆبیا پەرەبسێنێت.

٣ ـ  لەنامەیەکی تایبەتی قەداسەتی پاپا فرەنسیس کە لەڕێگەی نێراوی ڤاتیکان کاردیناڵ ڤیلۆنی لەبەرواری 2014.08.15  گەیەندرایە مەسعود بارزانی هاتوە : قەداسەتی پاپ سوپاسی سەرۆکایەتی هەرێم وگەلی کوردستان دەکات بۆ لەخۆگرتنی مەسیحییەکان ، هاوکات جەختی لەسەرئەوەکردەوە کە دەبێت بەهەمولایەک هەوڵبدرێت کولتوری توندوتیژی وتوندڕەوی بەری پێبگیرێت ونەهێلدرێت پەرەبسەنێت.  

نوێنەری ڤاتیکان لەکاتێکدا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد کە هەفتەیەک بەسەر بڕیاری چۆڵکردنی پێشمەرگە لەشارەدێ وگوندەمەسیحییەکانی وەک تلکیف وقەرقۆش وحەمدانیە و…هتد وداگیرکردنی لەلایەن داعش درابوو، وهەتا ئەم ساتەش ئەوشوێنانە رزگار نەکراون .

٤ ـ قەداسەتی پاپ

ئەم هەوڵانەی ڤاتیکان لەڕاستیدا بۆ ئەوەدەگەڕینمەوە کە کڵیسا لەوە تێگەیشتوە کە سەردەمی فرەجەمسەری لەمەسیحیەتدالەسەرئاستی دروستبونی ژیاری رۆژئاوایی وچەمکی لێبوردەیی “تولەرانس” قازانجی پێگەیاندبێت بەڵام بۆبەرەنگاربونەوەی توندڕەوی ئیسلامی سیاسی بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست زیانی پێگەیاندوە و پێویستە کڵێسای ڕۆژهەڵاتی یەک دەنگ ویەکهەڵویست ویەک جەمسەربێت بۆ ئەوەی بتوانێت بەرەنگاری تاکڕەوی هێزی توندڕەوی ئیسلامی بێت.ئەو جوگرافیایەش کە پێویستە لێیەوە ئەم پەیامە بلاوبێتەوە تورکیای سەردەمی نوێی فەرمانڕەوای ئیسلامییەکانە . لەوەش بترازێت خەمساردی ئەمریکا بەرامبەر بەوتراژیدیایەی کەبەسەرمەسیحییەکان دا هاتوە بەتایبەت لە لێدوانی هێزبەدەستی ئەمریکایی کە جەنگی دژ بەداعش چەندین ساڵی دەوێت … هێندەی تر خۆراپسکاندنەکانی ڤاتیکان بەرامبەر بە دیدگای سیاسی ئەمریکای بەپێویست زانرا .

 نوێترین ئینفۆ گرافیش کە سەنتەری لێکۆڵینەوەو راگەیاندنی کاتۆلیکی بڵاویکردۆتەوە دەری دەخات بەدرێژای سەدساڵی رابڕدو لەساڵی 1914  بۆ 2014 لە کۆی دانیشتوانی وڵاتانی ( تورکیا ، میسر، ئێراق ، ئەردەن، سوریا ، فەلەستین ،ئیسرائیل،  لبنان )  پێکهاتەی مەسیحی لە %14,84 دابەزیوە بۆ %4,82  بەم پێیەش بیستو پێنج ساڵی تر بەسە بۆ زامنکردنی قڕانی مەسیحی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست . ئەمەش ئەوە دەگێنێت کە پرۆژەی ڤاتیکان بۆ دیالۆگی نێوان ئاینەکان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پرۆژەیەکی شکستخواردوە هەرئەمەش هۆکارێک بێت بۆ جموجۆڵی زیاتری ڤاتیکان لە ناوچەکە بەئاڕاستەی یەکگرتنی ویەکهەلوێستی کڵێساکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دوژمنەکانی پێکەوەژیانی ئاشتەوای…

پەراوێز :

ـ مشلمانە : بۆ شوێنکەوتوانی ئاینی ئیسلام لەزمانی ئارامی بەکاردەهێنرێت، موسڵمان دەگەێنێت

 ـ ـمارئیشۆع : واتە مەسیح ، یەسوع ، خودی وشەی مەسیح لە مەسحەوە هاتوە.

لە شار پرێس دا بڵاوبۆتەوە لەبەرواری 2014.12.11    مەسیحی لەجیهاندا زۆرینە ، لەوڵاتی خۆیاندا کەمینە !؟

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *