ئێوە گیانێکن لەدوو جەستەدا !؟

ینک
” بزوتنەوەکەمان بەڵێنی بە کۆمەڵگای کوردی و مێژو داوە، وە تا گەنجێکی حەماسی خاوەن خەون مابێت لەمسەری کوردستانەوە بۆ ئەو سەری کوردستان، کە بەئاڵایەکی نیلیەوە لە شەقامەکاندا بگەڕێت و بانگەشە بۆ گۆڕانکاری بکات، دەست لەم رێبازە هەڵناگرین و بەردەوام دەبین        


” نەوشیروان مستەفا ئەمین “

ئەوانەی کەئەمڕۆ لەغیابی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان خۆیان کردوە بەدەمڕاست وبڕیاردەر لەحیزبی گۆڕاندا سەرباری ئەوەی شەرعیەتی دیموکراسیان نییە ، هەرئەوانەش بون کەپێشتر لەناو یەکێتی دا باڵادەست وبەرپرس بون هیچ گۆرانکاریەکیشییان پێندەکرا . لێگەڕێ لەوەی کەئەمان شەرعیەتی دیموکراتیان نییە وە نۆێنەرایەتی بزوتنەوەی گۆڕان ناکەن بەڵام خەریکە ئەوخەون و بەڵێنەی کەبزوتنەوەی گۆڕان بۆ مێژوو و کۆمەڵگای کوردی داویەتی لەباری دەبەن ، ئەمەش بەکارکردن بۆئەوەی لەژێر هەرفۆڕوم و ناوێکدا بێت لەگەڵ بەچنگکەوتنی بچوکترین هەل بانگەشەی گۆڕانکاری بەلاڕێدا ببەن وگۆڕان بکەنەوە ناو یەکێتی .
کاتێک کەبزوتنەوەی گۆڕان بەلیستێک دروست بو وە نەوشیروان مستەفا سەرۆکی لیستەکە بوو، زۆرێک لەوبەڕێزانەی کەئێستا خۆیان بە بەرپرس وخەمخۆری گۆڕان دەزانن ئامادەنەبون کە بێنە ناوبزوتنەوەی گۆڕان تەنانەت هەندێکیان باوەڕیان وابو کەهێشتا دەکرێت لەناو یەکێتی درێژەبەکاری سیاسی خۆیان بدەن . هەندێکیشیان هێندەی زویر بون لەگۆڕان هێندە لەناوگۆڕاندا نەبون ، بەتایبەت لەڕۆژەسەختەکاندا لەکاتی بڕیارە چارەنوسسازەکاندا جێیان هێشت . هەڵبەت وەک کەسایتی کۆمەڵایەتی هەمویان خەڵکی بەڕێزن و کەسیش لاری لەخەباتی ڕابڕدوی ئەو بەڕێزانە نییە بەڵام ئێمە قسە لەسەردیاردەیەک دەکەین کە دواجار مەترسی ئەوەی هەیە کەسەری بزوتنەوەکەو خەونی گۆڕانکاری ڕیشەیی بخوات. دیاردەی خۆسەپاندن وهەیمەنتیی بەزۆری کۆنەیەکێتییەکان لەناوگۆڕاندا . شتێکی دروستکراو نییە واقعێکە لەڕۆژانەی گۆڕاندا بەدی دەکرێت… تاڕادەیەکیش ئەمە دەکرێت چاوپۆشی لێبکرێت بەڵام کارکردن بەنەفەسی ئەوەی گۆڕان ویەکێتی” گیانێکن لەدوجەستەدا” ئیدی دەبێت لێێ بێنە دەنگ !؟
ئێوە بڕوانن : هەندێک لەوبەڕێزانە کەسەرجەمیان یەکێتی بون ولەڕابڕدودا بڕیاربەدەست بون ئیستا چۆن خۆیان کردوە بەخاوەنی بڕیار لەگۆڕاندا
ـ عومەرسەید عەلی . پێشتر کارگێڕی مەکتەبی سیاسی (ینک) ئێستا هەڵگری نازناوی کۆمکاری فراکسیۆنەکانی گۆڕان ، هەروەها کاربەڕێکەری گۆڕان لەغیابی ڕێکخەری گشتی (گۆڕان)
ـ جەلال جەوهەر . ئەندامی مەکتەبی سیاسی (ینک) ئێستا هەڵگری نازناوی بەرپرسی ژوری حوکمەت وپەرلەمان ، بەرپرسی ژوری پەیوەندییە نیشتیمانییەکان (گۆڕان) سەرۆکی وەفدی دانوستانەکانی گۆڕان لەگەڵ چوارلایەنەکە.
ـ مامۆستا جەمال . بەرپرسی مەڵبەندی دەرەوەی (ینک) ئێستا هەڵگری نازناوی سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی (گۆڕان )
ـ ئاسۆ ڕەحیم کارگێڕی مەڵبەند ی ( ینک) ئێستا هەڵگری نازناوی بەرپرسی ژوری پەیجوری ( گۆڕان )
ـ ئاوات شێخ جەناب ئامر لیوای تایبەتی سکرتاریەتی مامجەلال . ئێستا هەڵگری نازناوی بەرپرسی کارگێڕی ودارای (گۆڕان)
ـ عەبدولڕەزاق شەریف . وتوبێژی مەکتەبی سیاسی (ینک) ئێستا هەڵگری نازناوی بەرپرسی مێدیای گۆڕان
ـ مستەفای سەیدقادر . جێگری هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەزۆنی سەوز ئەندامی مەکتەبی سیاسی (ینک) ، ماوەیەک وەک بەرپرسی دارای وکارگێڕی گۆڕان ، وەزیری پێشمەرگە، ئەندامی جڤات . و هەڵگری نازناوی ئەندامی لیژنەی دانوستاندن .
ـ عوسمانی حاجی مەحمود . ئەندامی مەکتەبی سیاسی (ینک) ئێستا هەڵگری نازناوی ئەندامی ژوری عەمەلیاتی بزوتنەوەی گۆڕان .
ـ قادرحاجی عەلی . یەکێکەلە دامەزرێنەری دەزگای زانیاری ( ینک) ئەندامی مەکتەبی سیاسی (ینک) ماوەیەک لەگٶڕان وەک بەرپرسی راگەیاندی گۆڕان ئیستا هەڵگری نازناوی ئەندامی ژوری عەمەلیاتی بزوتنەوەی گۆڕان .
لیستەکە هەتالێی بکۆڵیتەوە هەرزیاد دەکات و بەدەمیەوە دەڕوات . ئەتوانین بڵێن جومگەکانی بڕیاردان لالەی ئەوانە ، گۆڕان وەک حیزب ئەمان سەرکردایەتی بکەن بەرەو ئەوەی دەبن کە” وەک شیعر وئاواز” حیزبی گۆڕان ببێتەوە بەشێک لەیەکێتی .
گۆڕانکاری ڕیشەیی بە ئەقڵیەتی کۆنەیەکێتی ناکرێت ئەوئەقڵیەتەی تائێستاش باوەڕی وایە دەکرێت هەم گۆڕان بێت هەم یەکێتی ، هەم مامجەلالی خۆش بوێت و هەم کاک نەوشیروان ، ئەویان وەک تیشکی خۆر ببینێت وئەمیان وەک تریفەی مانگەشەو . ئەوئەقڵیەتەی کەلەسەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابڕدوەوە لەزۆربەی کۆمیتەکانی خۆی لەمەڵبەندی سلێمانی ئەم پارچە شعرەی کردبوە مێتۆدی کاری خۆی
کەمن تەنها جارێک بژیم هەم تۆم خۆش ئەوێت هەم ئەویش
کەمن جارێک بژیم هەم تیشکی خۆر ئەپرستم هەم تریفەی مانگەشەویش
دواجار هەر ئەم دوو دێڕە دەبێتە کارنامەو پاساو بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ یەکێتی . ئەم ئەقڵیەتە باوەڕی وایە لەغیابی تیشکی خۆر ئەکرێت تریفەی مانگەشەوبپەرستێت .!؟
ماوە بڵێن ئێمە ئەو گەنجەین کە دەست لە بزوتنەوەی گۆڕان وڕێبازەکەی هەڵناگرین وبەردەوام دەبین حیزبەکە پیرۆز بە خۆتان وبزوتنەوەکەش بۆ ئێمە .

سەرنج ” تەنها نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان شەرعیەتی دیموکراتی ڕێکخەرایەتی بزوتنەوەی گۆڕانی هەیە چونکە لە سەروبەندی دروستبونی لیستی گۆڕان ئەوسەرۆکی لیست بوو خاوەنی پێنجسەدهەزاردەنگی بزوتنەوەکەیە . وەختێکیش کەگۆڕان دروستبوو ئەوان هێشتا یەکێتی بون . ئیستاشی لەسەربێت هەرکاتێک نەوشیروان مستەفایان لێ ون دەبێت دەبنەوە بەیەکێتی . ئەوانە نەگۆڕان بون نەدەزانن گۆڕان چییە .

 لەفەیسبوکەکەم بڵاوکراوەتەوە لەبەرواری ٢٠١٥.١١.٠٧

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *