بۆ ژینۆ …

بۆ ژینۆ 
بیست ساڵ بەسەر لێکدابڕانی هەتاهەتایەمان تێدەپەڕێت ، بیست ساڵە لەم بەروارەدا ۲.۱۱ من ئەبێت بەو” نەئە” بتلێمەوە کە لەبەردەم بارەگای پارتی کاری سەربەخۆ پێم گوتی . !
هەردوکمان لە ئامادەی سلێمانی کوڕان هاتبوینە هەولێر، یەکەم ساڵی خوێندنی زانکۆمان بوو تۆ بە پیشەی ئامادەیت هەر چەپ و منیش یەکێتی . هەردوکمان کەمدەرامەت ودەستکورت،نامۆ بەشارو گەڕەک وخەڵک وبۆنی کوچەوکۆڵانەکانی …
هەرگیز لەوەتێناگەم ئەو پاش نیوەڕۆیە کە پێت گوتم دەگەڕێتەوە سلێمانی ئەگەر دێتەوە ئێمە جێمان هەیە!؟ بۆ گوتم نا ناگەڕێمەوە … تۆ بڵێت ئەو هەفتەیە پارەم پێبوبێت وپێویستی نەکردوە بگەڕێمەوە سلێمانی .پاشان کێ دەڵێت ئەگەر منتان لەگەڵ بومایە لە بازگەی کۆیە گولەباران دەکران . ؟
تۆ ڕۆیشتویت . بەڵام لەوانەیە بەجوامێری خۆت لەدواچرکەساتی ژیانت گوتبێتت بەس نەبو ئەویشم لەگەڵ نەبوو؟ پێدەچێت من بۆیەما بێتم بۆئەوەی هەموو ئەوتراژیدیانە ببینم کە تۆ ڕزگارت بوە لێی وەک ئەوەی خودا هەقی ئەوەم لێبکاتەوە کە مەرگم قبوڵ نەبو ، بەهێمنی هێدی هێدی مەرگم بەسەردا دەبارێنێ
دڵگران مەبە هاوڕێ:
هاوڕێ ئیستاش لەگەڵ ئەوسا هیچ نەگۆڕاوە هێشتا پارتی و یەکێتی لەسەنگەران بۆ یەکدی ، دێگەڵە بۆنی شەڕی ناوخۆی لێدێت لەدوای کوشتنی ئێوە دەستیانکرد بە کوشتنی ڕۆژنامەنوس . ژن لەجاران زۆر زیاتر دەکوژرێن . ئازادی تاک تائەوشوێنە بڕ دەکات هێڵە سورەکان نەبەزێنێت، خۆشت لەمن باشتر ئەزانی کامانەن هێڵە سورەکان . حیجاب و نیقاب لەجاران زیاتر بوە لە زانکۆکان ، ئیستا لە سلێمانی هوهابۆئافرەت ئەکێشرێت .
کارەباو ئاو و نەوت هەروەک جاران نیمانە .
ئیستاش فەرمانبەر و مامۆستا موچەیان نییە .
بەم دوایانە جارێکی تر لە قەڵادزێ قەوما .هێشتا مەسعود بارزانی هەر سەرۆکە .
2015.11.02

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *