کەمینەکان لەنیوان هەرێمێکی سونە و هەرێمێکی کوردی دا !؟

 

کەمینەکان لەنیوان هەرێمێکی سونە و هەرێمێکی کوردی !؟

پێدەچێت دەرکەوتنی هێڵەگشتیەکان بۆ دروستبونی هەرێمكی سونەو هەرێمێکی کوردی لەسەر نەخشەی ئێراقی نوێ لەسەردەستی داگیرکردنی موسڵ لەلایەن ” داعش” لەکێشاندابێت.

ـ دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق وشام لەگەڵ یەکەم دەرکەوتنی خەلیفەکەی ئەبوبەکر بەغدادی لەنوێژی ڕۆژی هەینی لەبەرواری 2014.07.05 لە مزگەوتی موسڵ لەگوتاری موبایەعەکەیدا هاوسات لەگەڵ بەفەرمی ناساندنی خۆی وەک خەلیفەی موسوڵمانان ئاماژەی بەوەدا کە  ” ان دین اللە مبارک وتعلی لایقام ولا تتحقق ‌هذه الغایة التي من اجلها خلقنا اللە الا بتحکیم شرع اللە  و التحاکم الیە و اقامة الحدود ولایکون ذالک الا ببآس و صلطان ….” لەپاش ئەو مێژوە بەدواوە زۆرینەی هەنگاوەکانی ئەو دەوڵەتە بەناو ئیسلامی یە لەئاست دیاریکردن ودەستنیشانکردنی سنورەکەی لەگەڵ دوەروپشتدا کار بەمیتۆدی دیاریکردنی سنورەکەی داوە لەسەر بنەمای هەرێمێکی جودا تەنها بۆ عەرەبی سونەی موسوڵمان . ئەو هاوکات لەگەڵ دیاریکردنی ماڵی مەسیحی بە پیتی “ن” تەنها مۆڵەتی هەفتەیکی دا بە مەسیحییەکانی ناو شاری موسڵ کە موسوڵمانبونی خۆیان ڕابگەێنن ، یان بکوژرێن ،بۆ شیعەکانیش پیتی ” ڕ”  ئەو بەسەدان هەزار ئێزیدی لە زنجیرەچیاکانی شەنگار نزیک لێواری مەرگی کردن ، ئەوان بونەتە هەڕەشە لەسەر هەرکەمینەیەک کە لەسنوری دەشتی نەینەوا نیشتەجێن . هێرشەکانی دواتری دەوڵەتی بەناو ئیسلامی بۆ ئەوشارەدێ وگوندانەی بەهۆی دروستبونی بۆشای سەربازی ونەبونی ئاسایش کەوتبونە ژێر دەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و راماڵینی ئەو شوێنانە کە زۆرینەیان کەمینەی ئێراقین و دەبنە پشتێنەی جیاکردنەوەی ئەو دوهەرێمە  ” مەسیحی، ئێزیدی ، کاکەیی ، شەبەک ، تورکمان …”  ئەوەمان بۆڕون دەبێتەوە کە ستراتیژی” داعش”  بریتی یە لە هەبونی هەرێمێک یان وەک خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن خەلافەتێک تەنها تێدا موسوڵمانی سونە بژی ، هەرێمێک خاڵی بێت لە هاوڵاتییەک کە سەربەئاینێکی جگە لەئیسلام ومەزهەبێکی ترو تیروهۆزێكی جودا . هەرێمێک کە لەئایندەدا سنورەکەی لەهەرلایەکەوە لێی بڕوانیت کەمینە دەبێت !؟ وەک ئەوەی کەمینەکان ببنە سنورێکی سروشتی بۆ جیاکردنەوەی ئەو دوهەرێمە لەئایندەدا.

ـ دەوڵەتی ئیسلامی لەئێراق وشام بەڕاماڵینی ئەوشوێنانەی کە کەمینە تێدا نیشتەجێیە سەرباری ئەوەی کە سنوری خۆی لەهەر پێکهاتەیەکی تری غەیرە سونە پاککردۆتەوە ، کوردستان وهەرێمەکەشی بەهۆی نائامادەگییەوە توشی قەیران کردوە ، کەڕەنگبێت سادەترینیان لەودا خۆی ببینێت کە لەماوەی کەمتر لە ٤٨ کاتژمێر رێژەی دانیشتوانەکەی زیاد بکات بۆ نزیک ١،٣٠٠.٠٠٠ هەزارکەس ، هەرێمێک کەخۆی بە قەیرانی ئابوری و گیرۆدەی نەبونی خزمەتگوزاری پێوست بۆتەوە ، کوردستانێک لەئاست ئەودەنگە ناڕەزایانەی کە خەریکە لەناو ناخی تاکی کورد بەرامبەر بەهاتنی ژمارەی زۆری ئاوارە بەرز دەبێتەوە ، بێ پلان وبێ بەرنامە دێتە بەرچاو . هەرێمێک کەبڕیاری داوە لەئەمڕۆی نزیک و سبەی دور لەفۆڕمێکی دیاریکراودا سەربەخۆی خۆی ڕابگەێنێت …

هێزێکی وەک” داعش” بەپێی ئەزمون و مێژویان لەناو بزوتنەوە سەلەفییە جیهادییەکان ،بەتایبەت لەپاش ڕوداوەکانی ١١ی سێبتێمبەر لەوەبەئاگان کە ئەگەر ئیرۆ لەسەر ئەرزی واقیع توانیبێتیان  دوەم شاری ئێراق لەڕوی ژمارەی دانیشتوانەوە دەستی بەسەردابگرن و پاکتاوی ڕەگەزی تێدا بکەن بە شوناس ئەوا تاسەر بێمنەتی ولەخۆبایبون بۆیان ناچێتە سەر ، هەربۆیە گەر بڕوانینە تاکتیک وشێوازو فۆڕمی شەڕکردنی داعش لە هێرش بردن بۆ هەرشوێنێک و پاشان ڕادەستکردنی ئەو شوێنانە بە هۆزو تیرە سونییەکان ، ئاماژەیەکن بەوەی کە ئەوان دواجار ئەگەر خەلافەتێکی سونیشیان بۆ نەچێتە سەر ئەوا لەداهاتودا پارسەنگی ” عەرەبی سونە ” وەک هێزێکی زوڵملیکراو لەسایەی حکومەتی ئێراقی لەدانوستانەکانیاندا لەگەڵ کوردی سونە  لەلایەک ولەگەڵ شیعەکان لەلایەکی تر بەسەنگێکی ترەوەمامەڵە دەکەن . لەهەقەتیشدا ڕوداوی گرتنی موسڵ چەندێک لەئەمڕۆدا زیانی بەناوبانگی سونەی عەرەبی گەیاندبێت وناوی ڕزاندبێت هێندەش لەداهاتودا دەیکاتە فشار لەسەر بڕیاری سیاسی لەئێراق . لەخۆ ئەگەر بڕیارە ئێراق دواجار بەلەتبون  بۆ سێ هەرێم لەخەم بڕەخسێت  ئەوا موسڵ دەبێتە هەرێمێکی بێ منەت تەنها بۆ سونەی عەرەب .!؟

ـ لەبەرامبەردا هەرێمی کوردستان بە لەخۆگرتن و قبوڵکردنی  کەمینەکان کە لەبنەڕەتدا بەهۆی شوێنی نیشتەجێبونی مێژوی وجوگرافیان سنوری سروشتی هەرێمی سونەو هەرێمی کوردستان بەیەکدەلکێنن ، سەرباری بارگرانی هەنوکەیی بەهۆی ئاوارەبونی ئەوهەمو کەمینە ئاینی و نەتەوەییە بۆ قوڵایی خاکەکەی لەوەدا سودمەنددەبێت کەلەسەر ئاستی نێودەوڵەتی  لە ئاست ڕاگەیاندنی سەربەخۆیەکەی بە بەڵگەی پارێزەری پێکهاتەکانی گەلانی کوردستان ، ڕێگرتن لە پاکتاوی ڕەچەڵەکیان لەسەردەستی کۆنەپەرستان و پێکەوەژیانی ئاشتەوای وفرە ڕەنگ ودەنگ  دروستکردنی پشتیوانی نێودەوڵەتی تائاستی ناردنی هێزی نێودەوڵەتی بۆ پارستنی هەرێمی کوردستان لەهەرهێرش وهەڕەشەیەک کەلەئایندەدا روبەڕوی بێتەوە  بۆخۆی مسۆگەر دەکات . لەسەر ئاستی ناوخۆیش دەسەڵاتدارنی هەرێم لەهەرپرسێک کەپەیوەست بێت بە دەنگی کەمینەکان بەهۆی پاڵپشتی وپشتیوانی پێشکات بۆیان بۆخۆیان مسۆگەر دەکەن .

ئالێرەدا کەمینەکان بەتایبەت مەسیحییەکان بەهۆی زۆریان لەسەرئاستی جیهان وکەمیان لەسەرئاستی هەرێم وئێراق کەئەمڕۆ بونەتە قوربانی ململانێ و پلانە نادیارەکان ، ڤاتیکان لەڕێگەی پاپاکەیەوە کە گەورەترین مەرجەعی مەسیحی جیهان وکاسۆلیکی ئێراقە لەپێناویاندا لەدواهەمین هەڵوێستیدالەسەر ئەکاونتەکەی لە تویتەر ” داوا لەهەمو کرستیانێکی کاتۆلیکی جیهان دەکات لەگەڵیدا بەشداربن لەسازدانی نوێژێکی تایبەت لەنیەتی مەسیحییەکانی ئێراق  ”  ، بەڵام پێدەچێت پاڕانەوە و نوێژی پاپای ڤاتیکان نوێژێکیش بێت  بۆ هەڵبژاردن لەنێوان هەوڵدان بۆ ژیان لەهەرێمێک کە لەفۆڕمدا جێگەی هەموانی تێدا ببێتەوە یانەکێ هەرێمێک لەناوەڕۆکدا تانها جێگەی ” سونەی عەرەبی ” تێدا دەبێتەوە.

هاوکات دەبێت ئەوە لەبەر چاوبگرین کە ئەگەر باجی بون بەدەوڵەتی سەربەخۆ بەهۆی ژیان بێت لەپاڵ لێوارەکانی مەرگ ، ئاوارەبون و بێماڵ وحاڵی مەسیحی و ئێزیدی وشەبەک و کاکەیی و کەمینەکانی تری بێتە وەرچەرخانی ڕیشەیی لەحاڵی بێماڵی کورد ، ئەوا جێگەی قبوڵ وشانازی یە ، خۆ ئەگەر تەنها بۆ بەدەستکەوتنی پشتیوانی نێودەوڵەتی بێت یاخود بۆ مەرامێک بێت کە کەس نازانێت چی یە ئەوا جێگەی پرسیارە . !؟  ئەوپرسیارەش پێم وایە دەوڵەتدارانی کورد لەئایندەدا بەدروستکردنی دەوڵەتی هاونیشتیمانی دەتوانن وەڵامی بدەنەوە. بۆئەوەی دەوڵەتی هاونیشتیمانی ببێتە ناسنامەی کوردستان پێویستە کەمینەیەکی وەک مەسیحی هەمیشە لەیادی بێت کە لەموسڵ دەرکرابەهۆی ” ن ” مەسیحیەکەی بو نەک بەهۆی کلدانی ، سریانی ئاشوریەکەی بوبێت .

لە رۆژنامەی ڕوداو دەرچوی ٢٠١٤.٠٨.٢٥ بەناونیشانی ” کەمینەکان لەنێوان دووهەرێمی سونی و کوردی دا”
لەلاپەڕە٢١ ” شرۆڤە وبۆچون ” بڵاوبۆتەوە

ڕۆژنامەی ڕوداو
ڕۆژنامەی ڕوداو

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *