مەسیح کوڕی خوایە

مەسیح کوڕی خوایە !؟

دوێنێ یەکشەممە بەپێی سروتی ئاینی شوێنکەوتانی مەسیحی کاثۆلیک رۆژو جەژنی زیندوبونەوەی مەسیح بوو ، وەک نەریتێکی ساڵانە هەموو مەسیحییەک ڕودەکاتە کڵێساو نوێژی جەژن دەکات .
کچەکەم کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر پێی خستە یازدەساڵی یەوە و پێدەچێت ئیدی زۆرپرسیارکردن لە ئەندێشەو خەیاڵی بڵاویدا چرۆدەکات ، لەکڵێسا لەتەنیشتم دانیشتبوو ، جارجارە پرتوبۆڵێکی لێدەهات ، وەک ئەوەی بڵێت کەی کڵێسا تەواو ئەبێت وبچین بۆ ماڵەوە ، ئاخر ئەو لەم جۆرە بۆنانەدا هێندەی بە رەنگکردنی هێلکەکان و وەرگرتنی ” نوقڵی ترش وشیرینی جەژن “( گودیس) کەیف شادە هێندە تاقەت وحەوسەڵەی ئەوەی نی یە نزیکەی سێ کاتژمێر لەکەنیسە دابنیشێت … چەندجارێک لەسەریەک قەشە ئەوەی دوپات کردەوە کە کوڕی خودا ئەمڕۆ زیندوبۆتەوە ، ئەوبەمردن بەسەرمەرگدا زاڵ بوو ، شکۆمەندی بۆ کوڕی خودا .
نەتالی بەچپەیەک لێی پرسیم : باوکە بەڕاست مەسیح کوڕی خودایە !؟
منیش بەوپەڕی دڵنیایی هەروەک چۆن بەمن وتراوەو لەسەری گۆشدراوم گوتم بەدڵنیایەوە کوڕی خوایە !؟
کەمێک بێدەنگ بوو بۆساتێک وام زانی کە تەنها ئەوپرسیارەی هەبووە ، بەڵام ئەو پرسیارێکی تری کرد وگوتی : ئەی باوەکە کوڕی خودا خۆش ئەژی !؟
ئەمیشیان بێ بیرکردنەوە گوتم بەڵێ بەدڵنیای یەوە !
کەچی ئەو وەک ئەوەی دودڵ بێت لەوەی کە وەڵامێکی دروستم دابێتەوە بەدەنگێکی بەرز لێی پرسیم کە چۆن زانیم ئەوخۆش دەژی !؟
خوای من وتۆ کردی قەشەی بەرێز درکی بە چرپەچرپ و قسەکانی ئێمەو منداڵ وباوکەکانی تر بوو دووسی جار خاچی دەستەکەی بەرزکردەوە بۆ نیشاندانی رێز وبێ دەنگکردنی خەڵکانێکی وەک ئێمە کە پرسیاری سەیر سەیر دەکەن . ئیدی قەشەی بەڕێز منی لەوەڵامدانەوەی ئەوەی کەچۆن زانیم ئەوخۆش دەژی ڕزگارکرد .
خۆ وەڵامیشم بدایەوە دەمگوت ئەو لەبەرئەوەی کوڕی خودایە ئیتر دەبێت خۆش بژی !؟ بەڵام ئایا ئەم وەڵامە دروستە !؟
ئایا ئێمە هیچ بەڵگەی خۆشژیانی ئێستای مەسیح مان بەدەستەوەیە وەڵامی پرسیاری منداڵێکی ئاوەها بدەینەوە !؟ لەکاتێکدا کە مەسیح لەسەرزەمین بەدیوێک دا خۆش نەژیاو یەکێک بوولەمرۆڤەبەدبەختەکانی جیهان . ئەو بەئەندازەی “ئەیوب ” ناچارکرا تۆمەتێک بەسەرخۆی بسەپێنێت کە ئەم دەستی لەخەڵقکردنیدا نەبوە ، ئەو چوەبەردەم دادگایەک کە زۆر بێ بەزەییانە سزای مەرگی بەسەردا سەپێنرا ، ئەو کەهێشتا دەرفەتێک هەبوو بۆ ڕزگار بون بەوەی کە “باراباس ” ی تۆمەتبار لەجیاتی ئەولەسێدارەبدرێت ، خودا شەیاتنی خۆی ڕاسپارد کە خەڵک داوای ئازادکردنی مرۆڤێکی وەک باراباس بکەن ومەسیح لەجێێ لەخاچ بدرێت … باشە هیچ باوکێک هەیە هێندە بێزەی بێت و چێژ لەوەببینێت کە ڕۆڵەی خۆی ئەشکەنجەبدرێت . حەزبکات ئەوەندە تاقانەکەی خۆی تاقیبکاتەوە !؟ ئەم باوکە دەیوسیت چ پەیامێکمان پێبگەێنێت … بەڕاست من چۆن دڵنیا بم لەوەی کە خودا لەودنیاش ئازاری نادات ورۆڵەی خۆی ئەشکەنجەنادات . ئەی خودایە مەسیح بەرلەوەی گیانی بسپێرێت ، بەرلەوەی ڕمی جەلادەکانی لەسینە بدرێت ، لەگەڵ ساتی ئاوێتەبونی ئارەقەو شەکەت بون وخوێن لێچون ، بەدەم سرکەدەرخواردنەوە ،( ئەوەی لێپرسیت ئەی خودا بۆچی جێتهێشتم) !؟
کامەڕان ئیسحاق پەری
#

تابلۆی مەسیح لەدواهەمین ئێوارەخوانی پێش لەخاچدان

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *