کاتێک کە خاچێک ئەبێتە پرسێکی سیاسی و دەکەوێتە بەر شەن وکەوی حیزبەکان .

 

کاتێک کە خاچێک ئەبێتە پرسێکی سیاسی و دەکەوێتە بەر شەن وکەوی حیزبەکان .
ئەم خاچە لەدەڤەری بارزان ، لەسەرچیای شیرین، بەبەرچاوی ھەموو دونیا پەیامێکی پێ یە ؟!

ئێستا لەمەسیحی یەکی کۆتا ، مەبەستم لەکۆتا یەکێک لەوپێنج مەسیحی یەی گوایە بەکۆتا نوێنەرایەتی مەسیحی دەکەن ، وجگە لە پارتی بوون ھیچی تر نازانێت بپرسیت چۆن دەڕوانیتە ئەم خاچە کە بەتایبەت لەم شوێنە بەرزکراوەتەوە !؟ لەوەڵامدا بەکوردیەکی پەتی ( مەبەستم عەرەبی یەکی موتەعەم بەکوردی ) وەڵام دەداتەو وەدەڵێت ئەوە میسالێکی جوان وزور خوشی پێکەوە تەعایشی مەسیحی وموسڵمانە لەمەنتیقەکە. ومافی مەسیحی یەکانیشە کە سەلیبەکەیان بەئازادی وبەبەرزی لەدورەوە بێتە بینین !؟ کەدێتە سەرئەوەی لێی بپرسیت ئایا ئەم سومبولە ھیچ لەئەرزی واقیعی پێکەوەژیانی ئاشتەوای بەرجەستەنەکراودەگۆڕێت ؟! خۆیت لێ دەدزێتەوە وتۆمەتی ئەوەت بۆ دەخاتە پاڵ ،خێسەیەک دەکات و دەڵێت تۆ چاوت بە دەسکەوتەکانی پارتی بۆ مەسیحی وکەمینەکان ھەڵنایەت … زۆر لەگەڵی بڕۆیت پێت دەڵێ خەڵکی سلێمانی گوڕانەو بەھیچی پارتی رازی نی یە .

ھەرھەمان پرسیار لە ئیسلامیکی کۆمەڵ یان توندڕەوبکەیت ، دەڵێت میلەت میلەتی ئیمەیە( مەخسەدی لە میلەتی محەمەد، پێغەمبەری ئیسلام)ە وبڵاوکردنەوەی کوفر شرکە لەناوچەکەو مەسیحی لەم دەڤەرەھەربوونی نی یە … زۆری لەگەڵ بڵێت کە چۆن نی یە !؟پێت دەڵێ پارتی بەزۆر دەیەوێت مەسیحی لەکوردستان زیندوو بکاتەوە پاش ئەوەی لەسەردەستی فتوحاتی پیرۆزی ئیسلام و لەسەر دەستی سەحابەکان ئینقیرازیان کردوە .

لەیەکگرتویەکی موعتەدیل ( ئەوانەی کە سمێڵ وریشێکی تەنک ئەھێڵنەوە )کراسی سپی وبۆینباغی قاوەیی دەبەستن بپرسیت چۆن دەڕوانیتە ئەم خاچە !؟ لەوەڵامدا دەڵێت لەڕووی شەرعەوە جائیزە وھیچ جۆرەبەریەککەوتنێک ی نی لەگەڵ شەرعی خودا ، بەڵام دەبوایە لەبەرامبەر ئەم خاچە کە بۆ گوندێکی مەسیحی بەڕەوا دەزانرێت ، و لەدەڤەری بارزان رێگەوئاسانکاری بەرزبونەوەی دراوە ئیجازەدان بە دروستکردنی مزگەوتێکی گەورەش لە دێ موسوڵمانەکەی ئەوبەریش بدرایە کە چەندین ساڵە یەکگرتوو دەیەوێت لەسەر ئەرکی خێرخوازێک دروستی بکات ، وەختێک ئەزانیت یەکگرتو رازی یە بەمەرجێک مزگەوتێکی گەورەی خێرخوازە سعودیەکەش لەدێی ئەوبەر رێگە بەدروستکردنی بدرێت .

نەخێر لە گۆڕانخوازێکی عەیارە بیستو چوار بپرسیت ، خاچێک لە چیای شیرین چۆن دەبینیت ؟!لەوەڵام دا دەڵێت پارتی مەسیحی وکەمینەکانی تر بەکاردەھێنێت بۆ مەرامی سیاسی خۆی و ئەوچەوساندنەوەی کە بەدرێژایی مێژوو پارتی کردویەتی لەمەسیحی یەکان نمونەی کەمە . پێی دەڵێت ئەی تۆ چیت پێ یە بۆرێگری کردن لەم خراپ بەکارھێنانی کەمینەکان پێت دەڵێ گۆڕینی سیستمی فەرمانڕەواو کۆتای ھاتن بەدەسەڵاتی تاکڕەوی بنەماڵە … زۆری لەگەڵ بڵێت کاکە من پرسیارم لەسەر خاچەکەبوو کەمێک خاترت دەگرێ و پێت دەڵێ ئەم جۆرە قسانەی تۆ لەخزمەتی پارتی یە ، وبەراستی نابێت کەسی وەک تۆ ئەوەندە لەسەری بڕوات، تەبعەن بەئەدەبەوە پێت دەڵێت ئەوە قسەی پاراستنە وریابە خەرق نەکرابیت ؟! …

لەیەکێتی یەک بپرسیت چۆن دەڕوانیتە ئەم خاچە ؟! لەوەڵامدا دەڵێت ، باپارتی مەسیحی یەکان بەوجۆرەکارانە ھەڵنەخڵەتێنێت ، خۆڵ نەکاتە چاوی کەمینەی مەسیحی و ئێمەو ئەوان . گوایە خاچێکی لە دەڤەری بارزان بەرزکردۆتەوە، ئیتر زەوی وزاریان داگیر ناکات وموڵکی بابوباپیرانیان داگیر ناکات ؟! پێی بڵێت ئەی تۆ چۆن قبوڵت کردوە شەریک بیت لەدەسەڵات وبەڕێوەبردنی وڵات لە قبوڵ کردنی واقیعی داگیرکردنی موڵکی مەسیحی ؟! لەوەڵامدا پێت دەڵێت ئێمە بۆیەھەتائێستا لەناودەسەڵات ماوین بۆ ئەوەی چاویک وگوێیەکمان لەوێ بێت وبزانین چی دەگوزەرێت ، خۆ پارتی بەبێ ئێمەش ھەردەیکات . ئێمە وەک رەقیبێک لەوێین … پێی بڵێت ئاخر سەرئەنجام تۆش شەریکی لەم داگیرکاری یە ؟! پێت دەڵێ فەرموو دێتە دەرەوە ئەبیت بەموعارەزە چی ئەکەیت ؟! گۆڕان موعارەزە نەبوو بۆچی قبوڵی کردبچێتە دەسەڵاتەوە
…ئەوەشت بە بیر دەخاتەوەکە تۆ خۆت یەکێتی بویت ئەبێت کەمێک نەرمی بنوێنیت ؟!
لەپارتی یەک بپرسیت ئەم خاچە چۆن رێگە پێدراوە لەو شوێنە ھەستیارە لە ناو جەرگەی بارزان بەرزبکرێتەوە !؟ لەوەڵامدا یەکەم قسەی ئەوەیە پارتی وەک پیشەی ھەمووکاتێکی رێزی لە خوشک وبرامەسیحییەکان گرتوە وە ئەم کارە بەشێکی بچوکی واجبی پارتی یە بەرامبەر بەمەسیحی یەکان وە ئەوان رۆڵێکی بەرچاویان ھەبوو لەشۆرشی ئەیلول وقوربانیان داوە … پێی دەڵێت تەسلیم نەکردنی تەلکێف وشارو شارەدێی مەسیحی یەکان لەدەشتی نەینەوا بە داعش ئەویش ئەرکی سەرشانی پارتی بوو کەچی چۆڵ کراو بوە ھۆی ئەوکارەساتەی کەبینیمان … پێت دەڵێ پارتی ھیچ جورە قوسوریەکی نەبوە بۆ مەسیحی یەکان وە ئەو پروپاگەندانە کەبۆشکاندنی ھەیبەتی پارتی دەکرێت دەستێکی دەرەکی لەپشتە وچاویان بەو پێکەوە ژیانە بڕناکات بەراستی غیرە دەکەن لەپارتی …

لەبەڕێوبەری گشتی ورێگەپێدراوی ئاسیا سێل بپرسیت رات چی یە ئەو خاچە لەسەر ئەوچیایە بەرزکراوەتەوە … دەڵێت ئێمە وەک ئاسیا سێل بۆمان نی یە لەسەرئەوشاخە بورجی تەغتیەمان ھەبێت تەنھا کۆ ڕەک بورجی ھەیە ؟! پێی دەڵێت جا پرسیارەکەی ئێمە باسی لە خاچ دەکرد بۆ چوە سەر بورجی ئاسیا و کۆرەک ؟! دەڵێت ئاخر ئەوشوێنە دەمێک ساڵە ئاسیا دەیەوێت بورجی لەسەر دابنێت تەنھا بۆ ئەوەی رێگریمان لێبکەن ، بۆ ئەوەی ئاسیا لە بارزان شەبەکەی نەبێت …جێگەکەیان دا بە خاچی مەسیح …

لە کۆتایدا لەبیرت ئەچێ کەتۆ پرسیار لە بەرزکرنەوەی خاچێک کردوە لە دەڤەرێکی زۆر ھەستیار؟! ئەتوانیت لەپرسی ئەم خاچە لە تیفکرینی ئەم حیزب ومیزبەی کوردستان تێبگەیت .لەوەش تێبگەیت کە بۆچی دۆخی چەق بەستوی کوردستان چاک نابێت لەگەڵ تێبینی ئەوەی خودی کردارەکەی پارتی بۆخۆی پرسیارێکی گەورەیە !؟ مەگەر بەس ئەوخوایە بزانێت بۆچی یەتی !؟
لەمەسیح بپرسیت رات چی یە لەسەر بەرزکردنەوەی خاچەکەت لە دەڤەری بارزان ؟! لەوەڵامدا دەڵێت ( أعطوا مال الله ل الله ومال قيصر لقيصر) .

 

وێنەی بابەت : خاچی مەسیح لەبارزان
  • خاچی مەسیح
  • خاچی مەسیح٢

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *