http://www.rudaw.net/sorani/onair/tv/episodes/episode/features_0108201601
ره‌گ و ریشه‌ى مه‌سیحیییه‌كانى شارى سلێمانى، وه‌ك دانیشتووانه مسوڵمانه‌كه‌ى دوور و درێژ و كۆنه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساته‌وه‌خته‌كانى بونیادنانى شاره‌كه. بۆیه ئه‌وانیش خۆیان به دانیشتوانی ره‌سه‌نى سلێمانى دەزانن.
پێكه‌وەژیانى له مێژینه‌ى مه‌سیحى و مسوڵمانانى كوردستان وایكردووه، به درێژایى ساڵانى پێكه‌وەهه‌ڵكردن به‌شێك له كولتوور و دابونه‌ریته‌كانیان له نێو یه‌كدیدا تێكه‌ڵ بن و ئاسان نه‌بێ بتوانى له‌گوندێك یان له شارێكدا مه‌سیحییه‌ك و مسوڵمانێك یان جوێك له‌یه‌كدی جیابكه‌یته‌وه. سه‌رچاوه مێژووییه‌كان ده‌ڵێن، له‌سه‌ده‌ى 15 زایینى له‌ناوچه‌كه‌دا مەسیحییەکان هه‌بوون، له‌گه‌ڵ دروستبوونى شارى سلێمانیدا هاتوونەتە شارەکە و گەڕەکێکیان بۆ کراوەتەوە بە ناوی گەڕەکی گاوران. بەپێی ئاماری مسته‌ر ریچ، کە لە ساڵى ١٨٢٠ سەرژمێری سلێمانی کردووە، دانیشتووانی سڵیمانی به 10 هه‌زار كه‌س خه‌مڵاندووه، دواتریش به پێی ئایینه‌كانیان سلێمانی پۆلێنكردووه بۆ (٢٠٠٠) ماڵی موسوڵمان و ١٣٠ ماڵی جوله‌كه، جگه له‌وه ٩ماڵ دیانی كلدانی، ٥ ماڵ ئه‌رمه‌نی، به‌ڵام ساڵى 1868 ژماره‌ى ماڵه مه‌سیحیه‌كان بوونه‌ته 30 ماڵ. |